کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەرهەڵدانی خەڵک و تووشبوون بە چارەنووسی ڕێژیمی ئەسەد

15:55 - 19 بەفرانبار 2724

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە شکستی ئەرتەشی سووریە و ڕووخانی بەشار ئەسەد دەبێت هۆشدارییەک بێت بۆ کۆماری ئیسلامی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیم، عێراقچی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار لە ڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاندووە "زەبرێک کە بەر ئەرتەشی سووریە کەوت پێش ئەوەی کە سەربازی بێت، میدیایی و دەروونی بوو".

نابراو زیادی کردووە کە نابێت ڕێگە بە دوژمن بدرێت تاکوو کەشی بێهیوایی لە وڵاتدا پەرە پێ بدات.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاندبوو کە قەیرانی ئابووری مەترسیی خۆپیشاندانەکانی بە دژی کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە و بووەتە هۆی نیگەرانیی جیددی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی.

ئەم ڕۆژنامە جەختی لەسەر ئەوە کردبوو کە کێشە و قەیرانەکانی ئێستای ئێران لە دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی لە پاش ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیە و زیادیشی کردووە کە ڕێژیمی تاران لە ئێستادا لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژینا"، لاوازترە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ نیگەرانیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە سەرهەڵدانێکی دیکە هاوشێوەی سەرهەڵدانی ساڵی ١٤٠١ و ئەگەری تووشبوون بە چارەنووسی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، سپای پاسدارانی تاران ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی هەینی بە بەشداریی ١١٠ هەزار بەسیجی مانۆڕێک لە تارانادا بەڕێوە دەچێت.

بە وتەی وتەبێژی سپای پاسداران ئەم مانۆڕە بە ئامانجی ڕاهێنانی هێزەکانیان لەهەمبەر هەر چەشنە مەترسییەک بە دژی پێتەخت، بەڕێوە دەچێت.

ئەم مانۆرە بەم ڕێژە بەشدارییەی هێزەکانەوە لە کاتێکدایە کە ئەزموونی ڕووخانی ڕیژیمی ئەسەد و هەروەها قەیرانە ئابوورییەکان، نیگەرانیی جیددی لە نێو دەسەڵات لە خۆپیشاندانی خەڵک دروست کردووە.