٢٠٢٥ و ئەگەرە دژوارەکان!
شەماڵ تەرغیبی
لە پاش کشانەوەی تاکلایەنەی ئامریکا لە بەرجام، یەکێک لە گەورە قەیران و مەترسییەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی جیهانی بریتی بووە لە پڕۆژەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و هەوڵەکانی تاران بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆم کە ئەم خاڵە لە نێوئاخنی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی و ناوەندە جیهانییەکانی چاودێر بە سەر ئەم پڕۆژەی کۆماری ئیسلامیش ڕەنگی داوەتەوە.
لە ئێستاشدا کە خولی دووهەمی سەرۆکایەتیی دانڵد ترامپ تا چەند ڕۆژی دیکە دەست پێ دەکات، ئەگەرەکانی بەردەم دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی تا دێن دژوارتر دەبنەوە؛ بەو واتایە کە وەک شڕۆڤەکاران دەڵێن ئەگەری لێدانی بنکە ئەتۆمی و ناوکییەکانی ڕێژیمی تاران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەست پێ دەکرێ.
ماڵپەڕی ئاکسیووس لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەوە نووسیویەتی بڕیاری ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ چوونەدەر لە بەرجام کۆماری ئیسلامیی خستە ڕێڕەوی سازکردنی بۆمبی ناوکی و ئێستە دەبێ وەک وڵاتێک سەیری ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بکرێت کە ئەگەری دەستڕاگەیشتنی بەم تێکنۆلۆژییە سەربازییە زیاتر لە هەر کاتیکی دیکەیە؛ کەواتە ترامپ لە ساڵی ٢٠٢٥دا لەگەڵ قەیرانێکی جیددی بە ناوی کۆماری ئیسلامیی خاوەن چەکی ناوکی بەرەوڕووە و بە دڵنیاییەوە ئەگەر زووبەزوو چارسەری نەکات ئەوا لە ساڵەکانی دواتردا دەبێتە سەرئێشەیەکی گەلێ مەترسیدار!
بەگوێرەی دواهەواڵە پێوەندیدارەکانیش بەشێکی دیار لە کابینەی پێشنیاریی ترامپ و بەشێکی بەرچاو لە کاربەدەستانی ئیسراییل وەک سەرەکیترین هاوبەشی سیاسی و ئیستراتێژیکی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی و لە سەرووی هەمووان فەرانسە ڕایان وایە کە ستراتێژی گوشاری لانیزۆر چیدیکە کاریگەریی لەسەر تاران نییە و بژاردەی سەربازی دەبێ وەک بژاردەیەکی یەکلاکەرەوە بخرێتە بەر دەست.
ئەم مژارە کە لە تەنیشت دابەزینی بەرچاوی ڕەواییی حکوومەتی لای خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران دادەنین و لەولاشەوە پرسی کزبوون، لاوازی و تەنانەت لەنێوچوونی گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە پاش ٧ی ئۆکتۆبر و لەمانەش گرینگتر لەنێوچوونی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریە وەک سەرەکیترین هاوبەشی ستراتێژیکی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە دەخەینە پاڵ یەک، ڕاستییەکی گرینگمان بۆ ئاشکرا دەکات؛ ئەویش ئەوپەڕی لاوازی و دۆشداماویی کۆماری ئیسلامییە کە بە درێژایی تەمەنی خۆی ئەزموونی نەکردوە! هەر لەم ڕووەشەوەیە کە دەبینین کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی دەزگای دیپلۆماسی خۆی و بە چراسەوزی عەلی خامنەیی سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بکڕێت و بەجۆرێک مامەڵەیەک لەگەڵ ترامپ بکات!
لێرەدا دوو ئەگەر خۆیان زەق دەکەنەوە: یەکەمیان سەرکەوتنی دیپلۆماسیی تاران بۆ بە قەناعەت گەیاندنی ڕۆژاوا بە پێشمەرجی قبووڵکردنی داخوازییەکانی ئامریکا و ئورووپا و دانی گەرەنتی بە ئیسراییل بۆ نەهێشتنی سەرئێشە و دووهەمیان ملکەچنەبوون بە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.
لە حاڵەتی یەکەمدا ئەگەر بێت و کۆماری ئیسلامی داخوازییەکانی کۆمەڵگەی جیهانی وەک خۆی وەربگرێت و ئامادە بێ ڕەفتار و ئاکارەکانی بگۆڕێ و بچێتە خانەی وڵاتێکی بەدیسیپلینی پێمل بە کۆنڤانسیۆن و بڕیارە جیهانییەکان ئەوا لە کردەوەدا دیاردەیەک بەناوی کۆماری ئیسلامی نامێنێت! واتە ئەگەر تاران بیهەوێ دنیای ڕۆژاوا بە قەناعەت بگەیەنێ کە واز لە سیاسەتی "ڕێژیم چەینج" بهێنن دەبێ پێمل بێ بە هەموو داواکارییەکانی رۆژاوا کە بەدڵنیاییەوە بەشێکیان ئەمانە بن: وازهێنان لە پڕۆژەی سازکردنی چەکی ناوکی، وازهێنان لە دەستێوەردانی دەرەکی و ساپۆرتی گرووپە نیابەتییەکان، دانی بەڵێنی لەمەڕ سەرئێشەسازنەکردن بۆ وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت ئیسراییل، ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو مەنشووری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، قبوڵکردن و جێبەجێکردنی سەرجەم کۆنڤانسیۆنە پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانی ماف بە نەتەوەکانی ئێران و ڕێزدانان بۆ ویست و ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان هەم لە ئێران و هەم لە تەواوی دنیا، واژۆکردن و پێملبوون بە یاساکانی FATF و زۆر خاڵی دیکەش کە ئەگەر تاران ئەم کارانە بکات ئەوا ڕێک بەپێچەوانەی تەواوی ئەو سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییانەیە کە لەسەری بنیات نراوە کەواتە قبوڵکردنیان بریتییە لە نەمانی کۆماری ئیسلامی.
لە حاڵەتی دووهەمدا کە بریتییە لە ملکەچنەبوون بە داواکارییەکان، ئیتر ئەودەم تاران و بە دیاریکراوی عەلی خامنەیی دەبێ خۆیان بۆ بژاردەی سەخت و دژواری ڕووخان ئامادە بکەن؛ جا مەرج نییە ئەو کەوتن و ڕووخانە بەشێوەیەکی ئاسایی بێت و بەدڵنیاییەوە بێتێچوو نابێ! نە بۆ کۆماری ئیسلامی و نە بۆ خەڵکیش کە لەو جوگرافیایە دەژین بەڵام خاڵی گرینگ لەم نێوانەدا ئەوەیە کە خەڵک بۆ ئەو ئازادییەی کە ساڵانێکە تێچووی بۆ دەدەن و بۆ گەیشتن بەو ڕۆژەی کە چیدی سێبەری ڕەشی سەرەڕۆیی بەسەریاندا زاڵ نەبێ ناچارن و دەبێ یەک جار بۆ هەمیشە ئەو هەلومەرجە سەختە قبووڵ بکەن بەو هیوایەی کە دواڕۆژێکی ڕوونیان بۆ نەسڵی دوای خۆیان مسۆگەر کردبێ.