دیوانی باڵای ڕێژیم، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، یاریدەدەری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤینی پشتڕاست کردەوە.
ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدرانی بریگرتەکەی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کراوەتەوە.
ڕەئیسییان لە هەژماری ئیکسی خۆیدا نووسیویەتی: پەخشان عەزیزی نە لە گرووپە نیزامییەکاندا بووە و نە چالاکیی نیزامیی هەبووە، ئەم سزایە لەگەڵ دادڕەسیی دادپەروانە ناتەبایە و بە بێ سەرنجدان بە ڕەخنەکان لە دۆسییەکە دەر کراوە و ئەمڕۆ بە ئێمە ڕاگەیەندراوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە دەسبەجێ داوای پێڕاگەێستنی دووبارە دەکاتەوە.
بە وتەی ڕەئیسییان، سەرنجی کەموکۆڕییەکانی لێکۆڵینەوەکان نەدراوە، بەڵگە و دێکۆمێنتگەلێک کە نیشانی دەدەن ئەو سزایە بۆ پەخشان عەزیزی گونجاو نییە و چالاکییەکانی لە باکووری سووریە لە ئۆردووگای ئاوارەکانی شەنگال و باقی شوێنەکانی ئاوارەکانی شەڕی داعش چالاکیی مرۆڤدۆستانە بووە کە لە بنەڕەتدا لایەنگریی سیاسیی تێدا نەبووە و پێوەندیی بە یارمەتیگەیاندنی لە کاتی هێرشەکانی داعش بووە، هیچ سەرنجێکیان پێ نەدراوە.
پارێزەی پەخشان عەزیزی پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بەڵگە و دێکۆمێنتەکان دژی بریگرتەکەی بە ئاستێک نادروست بوون کە تەنیا سەرنجدانێکیان دەیتوانی تۆمەتی بەغی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام سەرنجێکی نەدراوە.
پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران، بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری وڵات" بە ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دواتر لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "درستکردنی ئاڵۆزی لە بەندیخانە" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.
پەخشان عەزیزی لە ماوەی ٨ مانگ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوەدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بوو هەروەها بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە درابوو.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لە هاوینی ئەمساڵدا لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤین لەژێر ناوی "نکۆڵی لە هەقیقەت و ئاڵترناتیڤەکانی" پەرژاوەتە سەر ئازارەکانی ژن بوون و کورد بوون لە سیستەمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەشکەنجەکانی خۆی لە ژوورە تاکەکەسییەکان و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە.
پەخشان عەزیزی لە ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە لە تاران دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین و پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە بە بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.