مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، ڕایگەیاند کە ئەوان بە شوێن جیابوونەوە لە سووریە نین و یەکپارچەیی سووریە لە لایان گرینگە.
عەبدی، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، لە بەیاننامەیەکی نووسراودا بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان نایانهەوێت لە سووریە جیا ببنەوە و هەر پڕۆژەیەک بۆ جیابوونەوەی لە سووریە ڕەت دەکەنەوە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دێموکراتیک وتی: "ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی نوێی سووریە بۆ سەقامگیرکردنی سووریە دەکەین".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە ئەوە ئەرکی دەوڵەتی نوێیە بۆ ڕێککەوتن و ئاگربەست لە هەموو سووریەدا هەوڵ بدات.
ئەم بەیاننامەی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەکاتێکدایە کە لە پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، چەکدارە جیهادییەکانی سەر بە تورکیە ناوچە کوردستانییەکانی سووریەیان کردووەتە ئامانج و هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، وەزیری دەرەوەی تورکیە جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ڕۆژاوای کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر دەوڵەتی نوێی سووریە هێزەکانی سووریەی دێموکرات لە باکووری سووریە چەک نەکات، ئەوە تورکیە هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە.
تورکیە بە بیانووی بوونی پەکەکە لە نێو ئەم هێزانەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و هەروەها لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان.
هەبوونی ئەندامانی پەکەکە لە نێو ڕیزی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەلایەن مەزڵووم عەبدی ڕەت کراوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەو هێزانە تەنیا لە خەڵکی سووریە پێک هاتوون.