مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی لە چالاکبوونەوەی گرووپە تێرۆریستییەکان لە سووریە کرد و سەبارەت بەم بابەتە هۆشداریی دا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیرنا"ی سەر بە ڕێژیم، پزشکییان لەم دانیشتنەدا خوازیاری نەمانی دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە سووریە و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لەم وڵاتە بووە.
ئەم قسانەی سەرۆککۆماری ڕیژیم لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە پاش ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە بە ئاشکرا هێزی ناردووەتە سووریە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەستێوەردانی لە کاروباری ئەم وڵاتەدا کردووە.
کۆماری ئیسلامی پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سووریە لە ژێر ناوی "بەهاری عەرەبی"، بە ناردنی هێز و هەروەها وەرگرتنی یارمەتیی سەربازی لە سووریە، ماوەی زیاتر لە یەک دەیە پێشی بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد گرت و سووریەی کردە گۆڕەپانی سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.
بەهۆی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا لە سووریە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەسی مەدەنی کوژران و هەروەها ئەم وڵاتە تووشی شەڕێکی نێوخۆیی بوویەوە کە ماوەی زیاتر لە ١٣ ساڵ درێژەی خایاند و هێشتاش لێکەوتەکانی بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەم دانیشتنەدا بە ئاماژەدان بە گرینگیی سەقامگیربوونی سووریە بۆ گشت ناوچەکە ڕایگەیاند کە دەستێوەردانەکان دەبێت لە سووریە کۆتایی پێ بهێندرێت و زیادیشی کرد کە دەوڵەتەکەی ئامادەیە تاکوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە سووریە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هاوکاری بکات.
پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد هەزاران کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە سووریە هەڵاتن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەوڵەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی سوودانی خوزایاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپە میلیشیاکان لە عێراق بووە و وێدەچێت ئەم بابەتە یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران بووبێت.