
دوابەدوای ڕێگریکردن لە ناشتنی مردووەکان و هێرشەکان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر گۆڕستانی بەهاییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران، کەسانی نەناسراو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر گۆڕستانی بەهاییەکان لە مەشهەد کە بە "گۆڵستان جاوید" ناسراوە و وێرانیان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم کەسانە بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەی وەک سەنگ فرێز دەرگای قورسی ژووری مردووشۆرخانەکەیان شکاندووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. هەروەها ئەم کەسانە سەکۆی مردووشۆرخانەکەیان شکاندووە و شتەکانیان تێ کداوە و تێنووسی تۆمارکردنی ناو و ژمارەی گۆڕەکانیان دڕاندووە.
لە کۆماری ئیسلامیدا بەهاییەکان بۆیان نییە ناوی مردوو لەسەر گڵکۆ بنووسن، هەر بۆیە ناو و شوێنی گۆڕی هەر مردوویەک لە تێنووسێکدا لەلایەن بەهاییەکانەوە تۆمار دەکرێت.
گۆڕستانی گۆڵستانی جاوید لە مەشهەد لە شوێنێکی چۆڵ لەسەر جادەیەکی دەرەوەی شاری مەشهەد لەسەر تەپۆڵکەیەک هەڵکەوتووە و تەنیا بەهاییەکان لەوێ مردووەکانیان دەنێژن.
بەپێی سەرچاوەکان، دوو ساڵ لەمەوبەر دزین و وێرانکردنی موڵک و ماڵی گۆڕستانی بەهاییەکان لە مەشهەد دەستی پێ کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پاسگایەکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم لە نزیک ئەو شوینە لە وڵامی داواکاریی بەهاییەکاندا، وتوویەتی: ''هیچ شتێکمان لە دەست نایەت.''
هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ماڵپەڕی ''هێرانا'' ڕایگەیاند زیاتر لە ٦٧ لەسەدی سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیی بە بەهاییەکانەوە هەبووە.
هەروەها لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕاپرسیی ئازادیی ئایینیدا هاتووە کە لە ئێستادا هەزار بەهایی لە زیندان، دەسبەسەرکران لە ماڵەوە، چاوەڕوانی بڕیار یان بانگکردن بۆ دادگا، لە ژێر گوشاردان.