کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواخرانی یاسای حیجاب لەلایەن دەوڵەتەوە

19:03 - 20 بەفرانبار 2724

عەباس گوودەرزی، وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتیی مەجلیس، سەبارەت بە دواکەوتنی ڕاگەیاندنی یاسای "حیجاب و عیفاف" وتی کە بە فەرمانی ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی، ڕاگەیاندنی ئەم یاسایە تا جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، لەلایەن دەوڵەتەوە دوا خراوە.

گوودەرزی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار ڕایگەیاند، پرۆژە یاسای حیجاب و عیفاف لە مەجلیس پەسەند کرا و لەلایەن شۆڕای نیگابانیشەوە پەسەند کراوە، بەڵام دەوڵەت ڕایگەیاندووە کە بەنیازە لە شێوەی پڕۆژەیاسایەکدا هەندێک چاکسازی ئەنجام بدات و تا ئەو کات ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەو یاسایە دوا خراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە ئەرکمان ئەوە بوو کە ئەم یاسایە ڕابگەیەنین، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕایگەیاند، پێویستە دوا بخرێت تاکوو دەوڵەت پرۆژەیاسای چاکسازی و گۆڕانکاری خۆی دەخاتە ڕوو بۆیە ئەم یاسایە لە کاتی گونجاودا ڕادەگەیەنرێت.

محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامیی ڕێژیم لە ٧ی سەرماوەزدا ڕایگەیاندبوو، ئەم یاسایە لە ٢٣ی سەرماوەز بۆ جێبەجێکردن و ڕاگەیاندنی فەرمی بە دەوڵەت ڕاگەیەندراوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک ئەم بابەتە هێشتا مشتومڕی لەسەرە و لە دۆخێکی ناڕووندایە.

سەرەڕای ئەم دواکەوتنە، وتەبێژی لێژنەی سەرۆکایەتیی مەجلیس ئیدعای ئەوەی کرد کە لەسەر ڕاگەیاندنی ئەم یاسایە هەموو بەشەکانی کۆماری ئیسلامی پێکەوە کۆکن و ڕێکەوتوون.

لە لایەکی دیکەوە لە پاڵ جەختکردنەوەی گوودەرزی لەسەر ئەوەی کە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕاگەیاندنی ئەو یاسایە دوا خراوە، حەمید ڕەسایی نوێنەری تاران ڕایگەیاندووە کە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەسەڵاتی ڕاگرتنی نییە و ئەم ناوەندە تا ئێستا بۆ ڕاگەیاندنی یاسای حیجاب بڕیارێکی لەوبارەوە دەرنەکردووە.

هەروەها ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، محەممەدتەقی نەقدعەلی جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسایی و دادوەریی مەجلیس، داوای جێبەجێکردنی یاسای حیجاب و عیفافی لەلایەن دەوڵەتی مەسعوود پزشکییانەوە کرد.

لە وڵامدا وتەبێژی دەوڵەت لە بارەی دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ڕاگەیاند کە هەندێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە دەتوانێ دەرئەنجامی کۆمەڵایەتیی جیددیی هەبێ.