کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ هەزار پزیشکی گشتی لە ئێران بەهۆی کەمیی داهاتەوە نایانەوێت کار بکەن

19:05 - 20 بەفرانبار 2724

محەممەد ڕەئیسزادە، بەرپرسی ڕێکخراوی نیزام پزیشکی، گلەیی لە کەمیی پارەی ویزیتی پزیشکان کرد و ڕایگەیاند کە ٣٠ هەزار پزیشکی گشتی لە وڵاتدا نایانەوێت کاری پزیشکی بکەن یان درێژە بە خوێندن بدەن و شارەزایی وەربگرن.

ڕەئیسزادە بە ئاماژە بە نرخی ساڵانەی ویزیتی پزیشکان، وتی: یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، نرخی زۆر کەم و قبوڵنەکراو بۆ ویزیتی پزیشکانی گشتییە، بۆ نموونه پزیشکێکی گشتی له تاران نرخی ویزیتەکەی ١٢٠ هەزار تمەنە بۆیە ناتوانێت نۆرینگەکەی بەڕێوە ببات.

سەندیکای پزیشکان ئەو نرخەی کە بۆ خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دیاری کراوە بە گونجاو نازانێ و ڕاگەیەندراوە کە ئەو نرخە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ و ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێراندا هاواهەنگی نییە.

لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لێژنەیەکی دەوڵەتی باسی پەسەندکردنی زیادکردنی ٣٥٪ی نرخی خزمەتگوزاری پزیشکی کرد، کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی توندی گرووپ و کۆمەڵە پزیشکییەکان بووەوە.

سەعید کەریمی جێگری وەزارەتی تەندروستی لە ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ ڕایگەیاند، مووچەی پزیشکانی کەرتی تایبەت لە ٣٦ هەزار تمەنەوە لە ساڵی ١٣٩٠ بۆ نزیکەی ٧٠ هەزار تمەن لە ساڵی ١٤٠٢ زیادی کردووە،  بەو واتایە لە ماوەی ١٢ ساڵدا دوو هێندە زیادی نەکردووە، لە کاتێکدا کەمترین نرخی مووچەی گرووپەکانی دیکە لە ساڵی ١٣٩٠ هەتا ساڵی ١٤٠٢ زیاتر لە ١٠ قات زیادی کردووە.

پێشتریش لە ٩ی بەفرانباری ئەمساڵدا، جەلیل حوسێنی، جێگری وەزیری پەروەردەی وەزارەتی تەندروستی، جەختی لەوە کردەوە کە کەمیی پزیشک لە وڵاتدا نییە، کێشەکە لەوەدایە کە ٣٠ هەزار پزیشکی گشتی، پزیشکی ناکەن و دەبێت قەناعەتیان پێ بهێنرێت کە لەو ناوچانەی کە پێویستیان پێیانە سەرقاڵی کارکردن بن.

لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ئەمساڵدا سەرۆکی زانکۆی قەزوین بۆ زانستە پزیشکییەکان، بە ئاماژەدان بە کەمیی پزیشک لەو پارێزگایە، ڕایگەیاند کە وەرگرتنی مووچەی کەم و نەبوونی سوود بۆ پزیشکان لە کەرتی گشتیدا بە بەراورد بە کەرتی تایبەت هۆکاری سەرەکیی کەمیی پزیشک لە قەزوینە و ئەو کێشەیە تەنیا لە پارێزگای قەزوین نییە بەڵکوو پارێزگاکانی دیکەش بەم شێوەیە تووشی کەمیی پزیشکی گشتی بوونەتەوە.