سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ئەرکی حیزبی دێموکرات
جەماڵ ڕەسووڵی دنخە
سەرمایەی کۆمەڵایەتی چارەسەری هەموو دەردەکانی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ کە کۆمەڵگەیەکی بە هەموو شێوەیەک پێکەوە گرێدراوە. سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە هەست، تێگەیشتوویی، نۆرم، بەها، شوناس و پێکەوبوونی تاکەکانی کۆمەڵگەیەک دەوترێ. ئەو هاوبەشییە لە جیاوازییەکاندا پێوەندیی نێوان تاکاکەکان ڕێکدەخات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرمایە کۆمەڵایەتی. سەرمایەی کۆمەڵایەتی تەنانەت بچووکترین ئاکار و کردارەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە هەموویان لە بەرانبەر بە یەکتری بەرپرسیار دەکات. ئەگەر تاکێک کارێکی باش بکات هەمووی کۆمەڵگە قازانجی لێ دەبینێ و بەپێچەوانەکەشی هەروایە و سەرمایەی کۆمەڵایەتی بە ئاکاری نەشیاو، نابەرپرسیاربوون، نەبوونی فێرکاری لە کۆمەڵگەدا، وڵامدەرنەبوون بە کێشە و گرفتەکان دەکەوێتە مەترسییەوە.
حیزب، دەوڵەت، حکوومەت، لایەن، تیم یا گرووپێک ئەگەر نەتوانن سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خۆیان بناسن، یا ئەگەر هەیانە و نایناسن و نازانن دروستی بکەن، یان دەنا هەیانە و کاری لەسەر ناکەن؛ ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەرەبەرە چۆن ئەو سەرمایە دروست کراوە، بەرەبەرەش لەدەستی بدەن. لەدەستدانی سەرمایە هەتا سنووری هەڵوەشانەوەی دەسەڵات دەڕوات. مەرج نییە هەڵوەشانەوە ڕووخانی دەسەڵاتێک بێت -بگرە لەوانەیە لەسۆنگەی هەڵوەشانەوە دەسەڵاتەکەش هەرەس بێنێت- بەڵکوو ئەم هەڵوەشانە کۆمەڵایەتی بێت کە پێی دەوترێ "دابڕانە کۆمەڵایەتییەکان". لەم ڕووەوە زۆر گرینگە تاک و لە کۆدا کۆمەڵگە سەرمایەی خۆی بناسێ.
کۆمەڵگەیەکی زیندوو ئەو کۆمەڵگەیەیە بەنیسبەت ساکارترین و بچووکترین کێشەکان هەستیار بێت و لە بەرانبەریاندا بێدەنگ نەبێ. سەرمایەی کۆمەڵایەتی پێوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەیە کە بەویژدانن و، لەسەر بابەتەکانی که ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە بێدەنگ نابن. ئەو سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لەسەر بناغەی متمانە، ڕاستگۆیی، سداقەت و باوەڕ دامەزراوە. بۆ ئەوەش کەسانێکی زۆر بەوەج و نموونە توانیویانە ئەو سەرمایەیە دروست بکەن وەک ڕێبەرەکانی کە کاریزمان، خۆشەویستن، لە نێو کۆمەڵگەدا بە ڕوح هەن.
لە باشووری کوردستان سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێزە بەڵام کاری لەسەر نەکراوە. بۆ نموونە؛ کەسێک دەڕواتە دووکانێک شتێک دەکڕێ ئەگەر خاوەن دووکانیش لەوێ نەبێ کڕیار پارەی خۆی لە سەر مێزەکە دادەنێ و دەڕوات. ئەوە نیشانەی ئەوەیە خەڵک بێ هیچ یاسا و جەبرێک متمانەیان پێک هەیه. واتا خاوەن ویژدانێکی زیندوون لە بەرانبەر یەکتریدا و هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرمایەی کۆمەڵایەتی مەترسیی زۆری لەسەرە. هۆکارەکەشی ئەوەیە ژیانی خەڵک لە بواری سیاسی و بەتایبەتی ئابووری زۆر تێکچووە. سیستمی سیخوڕی و سیخوردروستکردنی کۆماری ئیسلامی متمانەی لەنێو خەڵکدا لاواز کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەسمایەیەکی بەبایەخن کە نابێ لە دەستی بدەن، چونکی لە ڕەوتی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانن زۆرترین دەسکەوتی پێ دەستەبەر بکەن. نموویەک بێنینەوە: کاتی خۆی لە شەڕی نێوان حیزبی دێموکرات و ڕێژیمی ئێراندا سەربازێک لە پادگانێکدا سەربازێکی دیکە دەکوژێ. فەرماندەکە لێی دەپرسێ کێ کوشتوویەتی، ئەویش دەڵێ: پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات هاتنە سەرمان و ئەویان کوشت. فەرماندەکە دەڵێت ڕادەوەستین هەتا ئێوارێ، ئەگەر ڕادیۆ دەنگی کوردستان باسی کرد دیارە حیزبی دێموکرات کوشتوویەتی، دەنا نا وا نییە. ئێوارێ و سبەینێی ئەو ڕۆژە ڕادیۆی حیزب باسی ئەو ڕووداوە ناکات و دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێ سەربازەکە خۆی ئەو تاوانەی کردوە. لێرەدا ڕاستگۆیی حیزب سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی بەنرخی بۆ حیزب و بزووتنەوەکە دروست کردوە.
لە حیزبی دێموکراتیشدا ئەو سەرمایە کە دروست کراوە، بەهێزه بەڵام لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا بەتەواوی نەهادینە نەبووە؛ بەڵکوو متمانەیەکه کە خەڵک بە حیزبیان هەبووە و هەیە و ئەوەش بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی حیزبی دێموکرات و ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێبەرانێکی کاریزمای وەک دوکتور قاسملووە. خۆ هەر لەجێدا یەکێک لە ڕەمزەکانی مانەوەی حیزبی دێموکراتیش هەر ئەوە بووە کە خەڵک پشتیوانیەتی و لە هەموو قۆناغ و بڕگەکانی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبەدا لەگەڵی بەردەوام بوون.
د. قاسلمووی نەمر لە "کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزمی دێموکراتیک"دا ڕاست باس لەوە دەکا و خەمی گەورەشی بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە کە سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەست نەدا و لەسەر ئەوە باوەڕەیە حیزبی دێموکرات هاوکات لەگەڵ بردنەپێشی پرسی نەتەوەیی، دەبێ بە بەردەوامی کار لەسەر چاکسازیی کۆمەڵگە بکات. بۆیەشە حیزبی دێموکرات هەر دوو بابەتی نەتەوایەتی و ئامانجی دواڕۆژی بۆ کۆمەڵگەی لە بەرنامەی خۆیدا جێگیر کرد. بەڵام سنوورەکانی ئەم دوو چەمکە کە کارکردی جیاوازیان هەیە، پێویستە دیار و جیا بن. بەڵام لە ئێستادا تا ڕادەیەک ئەم بوارانە تێکەڵ بە یەکتری کراون کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە پرسی نەتەوەگەرایی خۆی لە هەموو بابەتێک وەردەدا. بەو مانایه کە تاک یا خەڵک هەر کارێک بکات بە نەتەوەگەرایی گرێ دەدرێتەوە کە دەکرێ وا نەبێت و ئەوەش زیانی بۆ کۆمەڵگە هەیە. بۆ نموونە کاری خێرخوازی پێوەندی بە نەتەوەگەرایی نییە، بەڵکوو پرسێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە و دەکرێ لە بەستێنی خۆیدا بەهێز بکرێ. یان لادان و هەڵخلیسکانی کۆمەڵایەتیی وەک: "پرسی ئەخلاقی، دزی، گەندەڵی، لەبیرکردنی تاکی کۆمەڵگە، لاوازیی ئابووری، هاندانی نابەجێ، وڵامنەدانەوە بە کێشە و گرفتەکان و..." ئەوانە ئەگەر وڵامیان نەدرێتەوە و دەسەڵات دژی نەوەستێتەوە -جا حیزب بێ یا دەوڵەت- بەرەبەرە متمانەی تاکەکان هەم بە دەسەڵات و هەم بە یەکتری لەنێو دەبات. کاتێکیش سەرمایەی کۆمەڵایەتی لەنێو، چوو ئیدی دەسەڵات، تاک و کۆمەڵگە لێک دادەبڕێن و لەوەها کاتێکدا دەسەڵات بۆ حوکمی خۆی پەنا بۆ سەرکوت دەبات و کۆمەڵگەش دژی بەها و بایەخەکان دەجووڵێتەوە.
پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات و سەرمایەی کۆمەڵایەتی بابەتێک کە ڕێبەریی حیزبە وەک خەسار دەبێ بیبینێت و مشووری لێ بخوات، کەلێن و دابڕانی نەوەکان و فکرەکانە لە یەکتری و لەدەستدانی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتییەیە کە دەکرێ بە زیانی خەڵکی کوردستان و جووڵانەوەکە بشکێتەوە. حیزبی دێموکرات بەو ڕابردوویەی کە هەیەتی بێگومان دەتوانێ خوێندنەوەی نوێ و خەسارناسانە بۆ کۆمەڵگە بکات و ئەو سەرمایە بەهێز و بەهێزتر بکاتەوە و بەهۆی ئەوەیکە ماتەوزەیەکی زۆری هەیە، دەتوانێ پێش بەو هەڕەشەیە بگرێ؛ بەتایبەتی کارکردن لەسەر سۆسیالیزمی دێموکرات بۆ کۆمەڵگە دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بی.