کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی عەرەبستان لە تاران بانگ کرا

10:50 - 13 بەفرانبار 2724

پاش لە سێدارەدانی شەش ئێرانی بە تۆمەتی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن عەرەبستانەوە، باڵوێزی ئەم وڵاتە لە تاران بانگ کرا.

بەڕێوەبەری گشتیی کونسوولیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە تاوانی ئەم شەش کەسە ڕایگەیاند "جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بە بێ ڕاگەیاندنی پێشوەختە بە باڵوێزخانە ڕێگەپێنەدراوە و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات".

موجتەبا شەستی کەریمی زیادی کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ساڵ دەسبەسەرکرانی ئەم شەش کەسەدا، بەردەوام هەوڵی کەمکردنەوەی حوکمەکانیانی داوە.

ئەم قسانەی بەڕێوەبەری گشتیی کونسولیی کۆماری ئیسلامی لەکاتێكدایە کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە سەدان کەس بەهۆی تۆمەتەکانی لەم چەشنە لە سێدارە ئەدات.

بەپێی ئاماری هەواڵدەریی مافی مرۆڤیی هێرانا، ٥١.٨٧ لە سەدی لەسێدارەدراوانی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە ئێراندا لە پێوەندیی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکاندا بووە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراو و هەواڵدەرییە مافی مرۆڤییەکان، کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر حوکمی لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن کە زۆربەیان لە پێوەندیی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکاندان.

بانگکرانی باڵویزی عەرەبستان لە تاران لە دۆخێکدایە کە لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە بە نابژیوانیی چین، ڕیاز و تاران ڕێککەوتن کە پێوەندییەکانیان دەست پێ بکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بڕیارە شاندێکی یاسایی کونسولی، بەمەبەستی بەدواداچوونی بابەتەکە بنێرێتە ڕیاز.