ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار(٩ی ژانویەی ٢٠٢٤)، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەدساڵح قادری نوێنەری حیزب لە هەولێر، لەگەڵ شاندی سەركردایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریە بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد، كۆ بوونەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا هەر دوو لایەن وێڕای تاوتوێی دۆخی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە ڕەوشی كورد لە هەر كام لە بەشەكانی كوردستان، گەشبین بوون كە لەم قۆناخە هەستیارەدا دەرفەتێكی لەبار بۆ كورد ڕەخساوە و پێویستە بە كۆدەنگی و تەبایی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و نیشتمانپەروەرانی كوردستان بتوانن مافی ڕەوای كورد دەستەبەر بكەن.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی دیكتاتۆری سووریە و هاتنەئارای دۆخێكی نوێ لە ناوچەدا، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هەوڵەكانی بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژاوای كوردستان لەپێناو یەكگوتاریی نەتەوەیی چڕتر كردووەتەوە و لەو پێناوەدا چەندین دیدار و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هەر كام لە ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریە و پارتی یەكیەتی دێموكراتیک و ئیدارەی بەڕێوەبەریی ڕۆژاوای كوردستان ئەنجام داوە.
شایانی باسە هەموو ئەو لایەنانە وێڕای سپاس و پێزانینیان سەبارەت بە دەسپێشخەریی حیزبی دێموكرات لەپێناو یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی مافی نەتەوەكەمان لە دۆخی نوێی سووریە و ناوچەدا، نیازپاكییان بۆ هەر هەوڵێكی دڵسۆزانە بۆ ئەو مەبەستە ڕاگەیاند.