ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانبار، دەروێش قادر خزرنیا ئەندامی دڵسۆز و لەمێژینەی حیزبی دێموكرات بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە سەردەشت كۆچی دوایی كرد.
دەروێش قادر لە دەورانی خەباتی چەكداریی حیزبدا وەک ئەندامێكی هەڵسووڕی تەشكیلاتی كاری دەكرد، بەهۆی ئەوەی كە مجێوری مزگەوتی جامیعەی شار بوو هەم پێوەندییەكی بەرینی لەگەڵ خەڵک هەبوو، هەم ئاگاداری هەموو ڕووداوەكانی ڕۆژانەی شار و دەوروبەر بوو.
لە كاتی سەردانی تیمی تەشكیلاتی شاری سەردەشت بۆ ناو شار و دەوروبەر، ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری كادرەكانی حیزب بوو. پێوەندیی نێوان كادرەكان و بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی ناو شار بۆ دیتن و ناردنی هەواڵەكان و پێوەندیگرتن لە ئەستۆی دەروێش قادر بوو.
لە بەهاری ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا كوڕێكی دەروێش قادر بە ناوی ڕەحمان خزرنیا لەگەڵ شەش كەسی دیكە لە ئەندامانی حیزب تەنیا بە تاوانی چالاکی تەبلیغی لە شاری سەردەشت لە سێدارە درا و كوڕێكی دیكەشی لە سەرەتاكانی دەیەی شەست بە تاوانی هاوكاریی حیزب بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە زیندانەكانی ڕێژیم بەند كرا.
دەروێش قادر خۆشی چەند جارێک بە تاوانی تەبلیغ و هاوكاریی حیزبی دێموكرات خرایە بەندیخانە و هەموو جۆرە ئەشكەنجە و ئازارێكی هێزەكانی دوژمنی لەسەر تاقی كرایەوە بەڵام دیسانیش وازی لە هاوكاریی حیزب و ئامانجەكانی نەهێنا.
بێجگە لە دیداری لەگەڵ كادرەكانی تەشكیلات لە ناوچە، چەندین جاریش بۆ سەردان و پێوەندیی تەشكیلاتی خۆی گەیاندبووە بنكەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.