کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێونەتەوەیی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی مەحکووم کرد

10:30 - 22 بەفرانبار 2724

پشتڕاستکرانەوەی سزای لەسێدارەدانی "پەخشان عەزیزی" یاریدەدەری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە کاردانەوەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دواوە بوو.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستکرانەوەی سزای لەسێدارەدانی "پەخشان عەزیزی"ی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە مەحکووم کرد و ئەوەی بە نادادپەروەرانە ناو برد.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانی پەخشان مرۆڤدۆستانە، مافی مرۆیی و ئاشتیخوازانە بووە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە تاکوو جێبەجێکردنی ئەم سزایە ڕابگرن و دەسبەجێ پەخشان عەزیزی ئازاد بکەن.

ئەمیر ڕەئیسییان، پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدرانی بریگرتەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

بە وتەی ڕەئیسییان، هیچ بایەخێک بە کەموکۆڕییەکانی لێکۆڵینەوەکان، بەڵگە و دێکۆمێنتەکان کە نیشاندەری بێتاوانبوونی پەخشان عەزیزین، نەدراوە.

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی مەهاباد، لە ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە تاران بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" بە لەسێدارەدران سزا درا.