بەپێێ هەواڵی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، لە زیاتر لە نیوەی پارێزگاکانی ئێران ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار بەهۆی نەبوونی وزە یان پیسبوونی هەوا، پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە.
بەم پێیە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکان، لانیکەم لە ٢١ پارێزگای ئێران بەهۆی نەبوونی توانای دەوڵەت لە دابینکردنی وزەی پێویستیان، کاروباری ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرتووە.
ئەمە جاری یەکەم نییە لە ئەمساڵدا کە دەوڵەت بەهۆی نەبوونی توانا لە دابینکردنی وزەی پێویستی شوێنە گشتییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکان، پشووی فەرمی لە زۆربەی پارێزگاکان ڕادەگەیەنێت.
دەوڵەت بۆ قەرەبووکردنەوی نەبوونی وزە جیا لەوەی کە پشووی فەرمیی لە پارێزگاکان ڕاگەیاندووە، ڕۆژانە لە سەرتاسەری ئێران چەند کاتژمێرێک کارەبای خەڵک دەبڕێت.
قەیرانی نەبوونی وزە، خەڵک و پیشەسازییەکانی تووشی گرفتی سەرەکی کردووە.
بە وتەی کارناسان بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەتوانێت خەساری قەرەبوونەکراو بە پیشەسازییەکان بگەیەنێت.
کێشەی قەیرانی وزە لە ئێران کێشەیەکی بنەڕەتییە کە چەند هۆکاری سەرەکیی هەیە، لەوانە سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا، زیادبوونی حەشیمەت، کۆنبوونی سیستمی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کارەبای ئێران لەو وزەخانانەی بەرهەم دێت کە لە گاز، گازۆئیل و مازووت بۆ بەرهەمهێنان کەڵک وەردەگرن و پشکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی ناوکی و وزەخانە ئاوییەکان تەنیا ٢ لەسەدە.
جیا لە نەبوونی وزە، بە تایبەتی لە وەرزی سەرمادا و بەهۆی بەکارهێنانی مازووت لە وزەخانەکانی ئێراندا، ڕێژەی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکانی ئێران دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەکارهێنانی مازووت لە وزەخانەکاندا لە کاتێکدایە کە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا باسیان لە فەرمانی پزشکییان سەبارەت بە ڕاگرتنی سووتاندنی مازووت لە چەند وزەخانەدا کردبوو تاکوو بە وتەی خۆیان گیانی خەڵک بپارێزرێت.
بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکان پاش ساردبوونی کەشوهەوا و چڕبوونەوەی قەیرانی وزە لە ئێراندا، وزەخانەکانی ئێران دیسان بە سووتاندنی مازووت کارەبا بەرهەم دێنن و ئەوەش بووەتە هۆی پیسبوونی زیاتری هەوا لەم وەرزەدا.