کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئای ئەی: کۆماری ئیسلامی لاوازتر بووە و ئەگەری هەیە بە دوای ڕێککەوتنی ناوکییەوە بێت

11:20 - 22 بەفرانبار 2724

ویلیام برێنزی بەرپرسی ڕێکخراوی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا ''سی ئای ئەی''، بە ئاماژە بە شکستەکانی ئەم دواییەی تاران، وتی: ''کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئەم دۆخە دەتوانێ ڕێژیمی ئێران بەرەو بەشداری لە وتووێژی ناوکیی جیددی ببات.''

بە وتەی ناوبراو، پێشترێتیی ئێستای کۆماری ئیسلامی پاراستنی مانەوەی خۆیەتی.

برێنز ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانبار لە وتووێژ لەگەڵ ''ڕادیوی گشتیی نیشتمانی'' وتی: "دۆخی ستراتێژیکی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردووە بە شێوەیەکی بەرچاو زیانی پێگەیشتووە.''

بەرپرسی ڕێکخراوی سیا بە ئاماژەدان بە دوو هێرشی مووشەکیی ناسەرکەوتووی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، هەڵوەشانەوەی حیزبوڵڵا لە لوبنانی وەک گرینگترین گرووپی  نیابەتیی تاران، کەمبوونەوەی دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە و دواجار ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، زیادی کرد: ''هەموو ئەم پرسانە ڕێژیمی ئێرانی لە ڕوانگەی ستراتێژییەوە لە پێگەیەکی زۆر لاوازتردا داناوە.''

بە وتەی برێنز، هەلومەرجی ئێستای کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ببێتە هۆی دەستپێکردنی وتووێژە جیددییەکان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی تاران.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە دەسپێکی فەرمیی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ویستی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکان ڕاگەیاندووە.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار، لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ''سی سی تی ڤی''ی چین ڕایگەیاند کە تاران بۆ دانوستانی سازندە و بێ دواکەوتن سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئامادەیە.