کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوژینی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان

11:57 - 22 بەفرانبار 2724

ڕۆژی هەینی ٢١ی بەفرانبار، خوشکە خەدیجە محەممەدی هاوسەری شەهیدێکی کوردستان، بە هۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

خوشکە خەدیجە هاوسەری فەرماندە بایز قەڵاتاسیان بوو کە لە ڕێکەوتی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاویدا و لە شوێنێک بە ناوی سەید سارم لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیمدا شەهید بوو.

خوشکە خەدیجە ماندوونەناسانە هەوڵی دەدا تاکوو هاوژینەکەی بتوانێ ئەرکە پیرۆزەکانی بە سەرکەتووییەوە بەڕێوە بەرێ.
ناوبراو وەک شێرەژنێکی کورد، ڕووسوورانەوە و جەسوورانە بەرەوڕووی سەختییەکانی ژیان بووەوە و دوای شەهیدبوونی فەرماندە بایز، هەموو ژیانی بۆ پێگەیاندنی سێ منداڵەکەی تەرخان کرد  کە وەک یادگارەکانی شەهید بایز پێیان بگەیەنێت و بێ باوکیان پێوە دیار نەبێت.

شەهید بایز کەلامی،  پێشمەرگە و فەرماندەی وەفادارەی حیزب و گەل بوو. ساڵی ١٣٥٨ بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی پۆشی و لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا، ئەرکی فەرماندەری، سەرپەلی، فەرماندە دەستە و فەرماندەری لکی لە لکی ٢ی هێزی مینەشەم لەسەر شان بوو .

 ناوبراو لە زۆربەی هەرە زۆری چالاکی و شەڕ و بەربەرەکانێکانی ناوچەی ڕەبەت ڕۆڵی بەرچاوی دەگێڕا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.