زۆرێک لە ئەندامانی سپای پاسداران و بەسیج بانگێشتیان بۆ بەشداریکردن لە ڕاهێنانی ڕۆژی هەینی تاران ڕەت کردووەتەوە.
حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سپای پاسداران لە تاران، پێش لە بەڕێوەچوونی ڕاهێنانەکەی ڕۆژی هەینیی تاران کە بڕیار بوو بە بەشداریکردنی ١١٠ هەزار ئەندامی سپای پاسداران بەڕێوە بچێت، وتی: "بەپێی سەرمەشقێک کە پاش لە ڕووخانی بەشار ئەسەد پەرەی سەندووە، زۆرێک لە ئەندامانی سپا و بەسیج بانگێشتەکەیان بۆ بەشداریکردن لەم ڕاهێنانە، ڕەت کردووەتەوە".
حەسەنزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کە ڕۆژێک بەر لە ڕاهێنانەکە لە میدیا نێوخۆییەکان بڵاو بوویەوە، ڕایگەیاندووە کە ٢٧ هەزار کەس لە بەشداربووانی ئەم مانۆڕە خەڵکی ئەفغانستانن.
بە وتەی ئەم فەرماندەی سپای پاسداران، سەرەڕای هەبوونی قازانج بۆ بەشداربووانی ئەم ڕاهێنانە، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران خۆیان لەم بانگێشتە بواردووە.
سپای پاسداران بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی بەشداریکردن لەم مانۆڕەدا، پەکەیجی بژیوی ژیان، باوانی و پەڕاوەگەی بە سەر بەشداربوواندا دابەش کردووە.
وتەبێژی سپای پاسداران سەبارەت بە ئامانجی بەڕێوەچوونی ئەم ڕاهێنانە ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی ڕاهێنانەکە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە هەڕەشەیەک بە دژی پێتەختە.
عەلی محەممەد نائینی پێشتر باسی لە بەشداریکردنی ١١٠ هەزار ئەندامی سپا لەم مانۆڕەدا کردبوو کە بە وتەی فەرماندەی سپای تاران، ڕێژەیەکی زۆر کەمتر بەشدارییان کردووە کە بەشێکی زۆریان خەڵکی ئەفغانستان بوونە.
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و هەروەها ئەزموونی ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ماوەی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵک دەستی کردووە بە ئەنجامدانی مانۆڕ لە شارەکانی ئێران.
زۆربەی مانۆرەکان بە نیشاندانی هێز و کەرەستەی سەرکوتی خەڵک لە ئاستی شارەکاندا بەڕێوە دەچێت.
چڕبوونەوەی قەیرانەکان بەتایبەتی قەیرانی ئابووری، بەرپرسانی ڕێژیمی لە سەرهەڵدانێکی دیکەی سەرتاسەری نیگەران کردووە.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە نیگەرانیی جیددیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە خۆپیشاندانی خەڵک کردبوو.
ئەم ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لە سەر ئەوە کردبوو کە قەیرانەکانی هەنووکەی ڕیژیم، گەورەترین کێشەی کۆماری ئیسلامی پاش خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"ـیە.