کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پێنج هاووڵاتیی کورد

11:15 - 13 بەفرانبار 2724

هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکرانەکان لە کوردستان، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و مەهاباد دەسبەسەر کران و سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەمەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، ئەمیر جان گوڵی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی شنۆ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گەڕەکی سەیداوێی ئەم شارە دەبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەمبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە دانەوەی هەر چەشنە وڵامێكی ڕوون لەمبارەوە خۆیان بواردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە هاووڵاتییەکی کورد بە  ناوی محەممەد بەکری تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژێک پێشتریش خالید بەکری برا گەورەی محەممەد لە ڕێگای مەهاباد- سەردەشت لەلایەن ‌هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوی دیاکۆ مەحموودی و سۆران خزری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێوە بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

شایانی ئاماژەیە کە تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، هۆکاری دەسبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم پێنج هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.