کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی شەهیدانی شۆرشی ژینا دژی سزای سێدارەدانی پەخشان عەزیزی

12:12 - 22 بەفرانبار 2724

کۆمەڵێک لە بنەماڵەی مافخوازی شەهیدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شۆڕشی ژینادا ئازیزان و کەسوکاریان شەهید کراون، لە ڕۆژی ٢١ی بەفرانبار بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی نیشان دا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دەربڕی، هەروەها داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە پشتیوانی لەو دوو ژنە کوردە بکەن کە ئێستا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

دایکان و بنەماڵەی شەهیدان ژینا ئەمینی، میلاد مەعرووفی، شەهریار محەممەدی، هیوا جانجان، ئیبراهیم شەریفی فەر، ئەمجەد عنایەتی، سارینا ساعدی، هوومەن عەبدوڵڵاهی، ئارام حەبیبی، پەیمان مینبەری، شاهۆ بەهمەنی، حەبیبوڵڵا فەتحی و داریوش عەلیزادە و … بە یادی ئازیزانیان و شەهیدانی دیکەی شۆڕشی ژینا ئەو سزایەیان مەحکووم کردووە و هەروەها داوای ڕاگرتنی ئەو سزا ناڕەوایەیان کردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەربڕیوە.

هەروەها ئەو بنەماڵانە ڕایانگەیاندووە کە وەک بنەماڵەی شەهیدان کە خوێنی ڕۆڵەکانمان بە ناڕەوا ڕژاوە و تا ئێستا کەس لێپرسینەوەی لەو خیانەت و دڕندەییە گەورەیە نەکردووە، هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ هەموو بنەماڵە شەهیدان و بنەماڵەی پەخشان عەزیزی دەردەبڕین و  هاوار دەکەین کە ئەم سزا نایاسایی و ناڕەوایە ڕابگرن، هەروەها لەسێدارەدان لەم وڵاتە ڕابگرن و تا لەمە زیاتر بنەماڵەکان بە لەدەستدانی ئازیزانیان خەمبار نەبن.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەردەوامی پەیامە ڤیدیۆییەکان لە بنەماڵەی شەهیدان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، باوکی ژینا ئەمینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام هەڵوێستی خۆی نیشان دا و نووسیویەتی: هەواڵی ترسناکی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەو کچە بێتاوانە کوردە و یاریدەدەرە کۆمەڵایەتی و چالاک و خەمخۆرە خاتوو پەخشان عەزیزی، ئەوەندە نادادپەروەرانە و دڕندەیە کە ئازاری ڕۆح و دەروونی هەر مرۆڤێک دەدات کە ویژدانی هەبێ و مرۆڤ لە مەڕ ئەو هەموو دڕندەییە سەری سووڕ دەمێنێ.

هەروەها ناوبرا ڕایگەیاندووە کە بێ گومان لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لاپەڕەیەکی ڕەش دەبێت لەسەر مێژووی دەسەڵاتی ئێستا و دەرئەنجامە مرۆیی و سیاسییەکانی ئەو بڕیارە ناڕەوایە درەنگ یان زوو داوێنی ئەم دەسەڵات دەگرێت.