ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی بەفرانبار (٩ی ی ژانویە) بە بانگهێشتی حیزبی سەوزی وڵاتی ئاڵمان هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەنجومەنی کوردی شاری هامبۆرگ (kurdische Gemeinde) ، بەشداریی کۆبوونەوەیەکیان کرد.
مژاری کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ناوچە بوو.
بە تایبەت باس لە رۆژاوا و دۆخی کورد لە شاری عەفرین کرا کە لە ژێر کونتڕۆلی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیەدایە و هەروەها خەبات و خۆڕاگری گەلی کورد لە شاری کۆبانێ و سەرجەم کانتۆنە کوردیەکان خرایە بەر باس.
لەم کۆبوونەوەیەدا دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر کورد لەم بەشەی کوردستان خرایە بەر باس.
ئەنجومەنی کوردی شاری هامبۆرگ بە گشتی خوازیاری هاوکاری و هاوخەمیی حیزبی سەوزی وڵاتی ئاڵمان لەگەڵ گەلی کورد لە پارچەکانی کوردستان بوو.
هەر ئەو هەیئەتە لە هەمان ڕۆژدا چاوپێکەوتنێکیان لە گەڵ حیزبی یەکیەتی دێموکرات مەسیحی ئاڵمان (CDU) کرد.
پلاتفۆرمی کورد لە پێشدا وەک وەبیرهێنانەوە باسی لە شەڕی گەلی کورد دژی تێرۆریستانی داعش کرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە گەلی ئێمە لە جێگای هەموو جیهان شەڕی دژی تێرۆری کرد و دەیان هەزار شەهید و کەمئەندام بەرهەمی ئەو بەرگرییە قارەمانانەیە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد دەوڵەتەکانی داگیرکەری کورد هەر جۆرە دەنگهەڵهێنان و ڕەخنە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکەن .
نوێنەرانی پارتی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان هەر لەو پەیوەندییەدا و بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر چەند پرسیارێکیان ئاراستەی لایەنی کوردی کرد کە هاوڕێیان بە تێر و تەسەلی وڵامیان دایەوە و دوای دەربڕینی هاودەردی، ڕۆڵی خەباتی گەلی کوردیان لە دژی تێرۆر بەرز نرخاند و هەروەها ئامادەیی خۆیان بۆ هەرجۆرە هاودەنگی و هاوکاری بە پێی توانا ڕاگەیاند.