کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەریکرانی ١٠ هەزار کرێکاری پارێزگای ورمێ لە مافی بیمە

19:39 - 22 بەفرانبار 2724

بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفیی کرێکارانی بیناسازی لە ورمێ، باسی لە دۆخی قەیراناویی کرێکارانی بیناسازی، هەڵپەساردنی بیمەکەیان و کەڵکئاوەژوو وەرگرتنی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم لە پشکی بیمەی ئەم کرێکارانە کرد.

شێرزاد قولیپوور، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنادا پەرژایە سەر دۆخی سەختی کرێکارانی بیناکان لە پارێزگای ورمێ و وتی لە نێوان ٢٥ هەزار ئەندامی ئەم ئەنجومەنە سێنفییەدا تەنیا ١٤ هەزاریان بیمە کراونەتەوە و ١٠ هەزار کرێکار هێشتا بیمەیان نییە.

ناوبراو هەروەها باسی لە ڕاگرتنی بیمەی یەک هەزار و ٢٠٠ کرێکار لە ساڵی ڕابردوو و بە هۆکار گەلی نادیار و بازڕەسیی نادروست کرد.

قولیپوور ئاماژەی بە کەڵئاوەژوو وەرگرتن لە پشکی بیمەی کرێکاران کردووە و ڕایگەیاندووە کە نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم بە دەستڕۆشتوویی خۆیان، ٥٠٠ پشکیان بە ناوی کرێکارانی جۆشکار وەرگرتووە و لە جیاتی کرێکارەکان بە کەسانی نزیک بە خۆیان داوە.

بەرپرسی ئەنجومەنی سێنفیی کرێکارانی ورمێ پێشتریش لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا وتبووی کە ٢٨ هەزار کرێکاری بیناسازی لەم پارێزگایە زیاتر لە ٦ ساڵە کە لە نۆرەی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیدان کە ١٠ هەزار کەسیان تایبەت بە شاری ورمێیە.