کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توماج ساڵحی لە سەرەوەی لیستی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهانی مۆسیقادایە

19:40 - 22 بەفرانبار 2724

گۆڤاری موزیکی ''ئێسپین'' لەم دواییانەدا لیستی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهانی مۆسیقای لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڵاو کردەوە. ناوی توماج ساڵحی، هونەرمەندی ڕەپێر کە پشتیوانی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو، لە سەرەوەی ئەم لیستەدایە.

ئەو گۆڤارە نووسیویەتی، توماج ساڵحی هونەرمەندێکی بوێری ڕەپێرە کە لەگەڵ زیندان بێگانە نییە و لەبارەی جینایەتەکانی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران  گۆرانی پڕتینی دەخوێند.

ئەم گۆڤارە بەناوبانگەی مۆسیقا نووسیویەتی، توماج ساڵحی بە هۆی چالاکییە هونەریەکانییەوە چەندین جار دەسبەسەر و زیندانی کراوە و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە گشتی ٧٥٣ ڕۆژ لە زیندان بووە.

ساڵحی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ''ئێسپین'' لەم بۆنەیەدا جەختی لەوە کردەوە کە گەورەترین پاڵنەری من بۆ خەبات گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خەڵکە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی گەیشتن بە ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا منداڵانی ئێران داهاتوویەکی باشتریان هەبێت و ئەمە گەیشتن بە ئازادی ڕادەربڕین، هەڵبژاردنی جلوبەرگ، دەرفەتی یەکسان بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن و دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە هەموو هاووڵاتییانی ئێرانی دەگرێتەوە.

ئەم گۆرانیبێژە ناڕازییە بە ''ئێسپین''ی ڕاگەیاندووە، پشتیوانیی هونەرمەندانی نێودەوڵەتی، هەستی هاووڵاتیبوونی جیهانی قووڵتر کردووەتەوە. ساڵحی باسی لەوە کرد کە ئەم پاڵپشتییە پاڵنەرێکە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داهاتوودا و حیساب بۆ پشتیوانیی بنەماڵە جیهانییەکەی دەکات.