کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، یاردیدەدەری کۆمەڵایەتیی کوردی، بە پەرەپێدانی سەرکوتکارییەکان دژی ژنان ناو برد.
کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە پاش تێپەڕبوونی ١٤ ساڵ لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ئاخرین بەندکراوی سیاسیی ژن، "پەخشان عەزیزی" بەندکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ مەترسیی جیددیی لەسێدارەدران بەرەوڕوویە؛ سزایەک کە پاش ڕەوتێکی دادڕەسیی بە تەواوەتی نادادپەروەرانە و ناڕوون لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایگەیاند کە ڕەوتی دادڕەسی، دادگاییکران و لە کۆتاییدا دەرکردنی سزای سێدارە و پشتڕاستکرانەوەی ئەم سزایە، نیشاندەریی جیددیبوونی کەڵکوەرگرتنی بەرپرسانی ڕێژیم لە سزای سێدارە وەکوو کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی دژبەرانی سیاسی، بەتایبەت ژنان لە ئێرانە؛ ئەم کردەوەیە دەبێ دەسبەجێ لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە ڕەخنەی لێ بگیردرێت و لە بەرانبەریدا ناڕەزایەتی دەرببڕن.
هادی قائمی، بەرپرسی ئەم کەمپەینە وێڕای ئەوەی کە پشتڕاستکرانەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشانی بە نادادپەروەرانە ناو برد وتی کە هێزی دادوەیی ڕێژیم بە ئاشکرا سەرنجی بەڵگەکانی پێوەندیدار بە چالاکییە مرۆڤدۆستانەکانی پەخشانی نەداوە.
ناوبراو ئەم سزایەی، نموونەیەکی دیکە لە کەڵکئاوەژووی نایاسایی ڕێژیم لە سزای لەسێدارەدان بۆ سەرکوتی چالاکان، بەتایبەت کۆمەڵگەی کەمینەکان و دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن بۆ ژناندا ناو برد.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەندام و ناوەندە مافی مرۆییەکان کرد تاکوو بە خێرایی کاردانەوە نیشان بدەن و داوا لە بەرپرسانی ئێران بکەن کە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵوەشێنێتەوە، دەسبەجێ هەموو هەموو لەسێدارەدانەکان ڕابگرێت و بە هۆی پێشێلکردنی بەردەوامی مافی تۆمەتباران و ستانداردە نێونەتەوەییەکان، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێرن.