بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی دابینکردنی پارەی میلیشیاکانی لە ناوچەکە لە هەوڵدایە ٣ میلیۆن بەرمیل نەوتی پاشەکەوتکراوی لە چین بفرۆشێت.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەم ٣ میلیۆن بەرمیلە لە کۆگایەکی کۆماری ئیسلامی لە چین هەڵگیراوە کە پێشتر ٢٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی تێدا پاشەکەوت کراوە.
ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە تاران لە ترسی گەمارۆکان لە سەردەمی دەورەی یەکەمی سەرۆککۆماریی دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا ئەم نەوتەی لە چین پاشەکەوت کردووە و زیادیشی کردووە، دەوڵەتی چین پاش وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕابردوودا ڕێگەی داوە تاکوو لەم کۆگایە ٣ میلیۆن بەرمیل نەوت هەڵبگیرێت.
وێدەچێت ئەم هەوڵەی دەوڵەتی چین لە بەرەبەری هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ترامپ لە ئەمریکا، گرژییەکانی نێوان پێکەن و واشنگتۆن پەرە پێ بدات.
واڵ ستریت ژۆرناڵ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی، ئێران ٢٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی لە دوو بەندەری "دالیان" و "جواشان"ی چین پاشەکەوت کردووە و زیادیشی کردووە کە دوو کەشتی بە ناوەکانی "مادستار" و "سی ئێچ" بۆ بارکردنی ئەم نەوتە، چونەتە ئەم دوو بەندەرە.
ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشی نایاسایی نەوتی ئێران گوشاری خستووەتە سەر چین و چەند وڵاتی دیکە کە لەم پێوەندییەدا یارمەتی ئێران ئەدەن.
ئەمریکا نیگەرانە کە داهاتە نەوتییەکانی ئێران بگاتە دەستی سپای پاسداران و بۆ پڕچەککردنی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کەڵکی لێ وەربگیرێت.
پێشتر هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندبوو کە سپای پاسداران پەنجا لەسەدی داهاتە نەوتییەکانی ئێرانی لە کۆنتڕۆڵدایە و نیوەی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ خۆی دەبات.
ئەم هەواڵدەرییە سەبارەت بە کارئاسانیی چین بۆ فرۆشی نەوتی قاچاخی ئێران ڕایگەیاندبوو کە سپای پاسداران نەوتی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی تا هەشت دۆلار لە هەر بەرمیلێکدا داشکاندن دەکات.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بە لەنێوبردنی زۆربەی تۆڕەکانی گەیاندنی پارە بۆ حیزبوڵڵا و حەماس، ئەم گرووپانەی سەر بە تارانی لە دۆخی شەڕدا تووشی قەیرانی دارایی کردووە.