کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح له‌مه‌ڕ ده‌ستێوه‌ردانی ڕێژیم له‌ کاروباری فه‌له‌ستین

11:31 - 23 بەفرانبار 2724

بزووتنه‌وه‌ی ئازادیبه‌خشی فه‌له‌ستین، فه‌تح به‌نیسبه‌ت ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ڕێژیم له‌ کاروباری فه‌له‌ستین له‌ ڕێگه‌ی حه‌ماسه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: "حه‌ماس جڵه‌وی خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست سیاسه‌ته‌کانی تاران".

‌بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ڕێژیمی له‌ کاروباری فه‌له‌ستین ئیدانه‌ کرد و له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌: "حه‌ماس مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ گێره‌شێوێنییه‌کانی خۆی له‌ که‌رانه‌ی باخته‌ری دووپات بکاته‌وه‌".

بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح له‌ به‌یاننامه‌ی خۆیاندا وێڕای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌وڵی ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌تییه‌کانی فه‌له‌ستین له‌هه‌مبه‌ر پاراستنی پێکهاته‌ی که‌رانه‌ی باخته‌ری، پیلانی ده‌ستێوه‌ردانی پاوانخوازانه‌ی ڕێژیم له‌ فه‌له‌ستین به‌  ده‌ستێوه‌ردانی زیاتر‌ له‌ ناوچه‌که‌ له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ و نیگه‌رانیی خۆیان له‌و بواره‌وه‌ ده‌ربڕی.

له‌ به‌یاننامه‌که‌ی فه‌تحدا هاتووه‌: "به‌یاننامه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی حه‌ماس پڕه‌ له‌ لێدوانی دژ به‌ یه‌ک و تۆمه‌تی بێ بنه‌ما که‌ له‌ سه‌ر خه‌ڵکی هوشداریی ئێمه‌ شوێندانه‌ری نییه‌ و حه‌ماس مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ گێره‌شێوێنییه‌کانی خۆی له‌ که‌رانه‌ی باخته‌ریدا دووپات بکاته‌وه‌".

له‌ به‌شێکی دیکه‌ی به‌یاننامه‌ی فه‌تحدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌: "شه‌ڕ بووه‌ته‌ هۆی وێرانی، کوشتن، بێسه‌روشوێن کردن، برینداربوون و به‌ دیلگیرانی زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار که‌س له‌ که‌رتی غه‌ززه‌، حه‌ماس به‌ جێگه‌ی پارێزگاری له‌ گیان و ماڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ خۆی بووه‌ته‌ هۆی خولقانی ئه‌و دۆخه‌ کاره‌ساتباره‌".

بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌ که‌ پێداگریی حه‌ماس له‌ سه‌ر تۆمه‌ته‌ درۆینه‌کانی دووره‌ له‌ ڕاستی و سیاسه‌ته‌کانی له‌ ڕاستای دوژمنان و داگیرکه‌راندایه‌.