مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار لە پێوەندیی لەگەڵ گرانیی دەرمان ڕایگەیاند، بەپێی ئەزموون بەشێک لە دراوی تەرخانکراو بۆ هاوردەکردنی دەرمان ون دەبێت.
هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بە نرخی دەرمان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مەسعوود پزشکییان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکان باسی لە ونبوونی بەشێک لە دراوی دەوڵەتیی تەرخانکراو بۆ هاوردەکردنی دەرمان کردووە و زیادیشی کردووە کە بەم شێوەیە ناکرێت بە دادپەروەری بگەین.
سەرۆککۆماری ڕێژیم هیچ زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بە چۆنییەتیی ونبوونی ئەم پارە و شێوەی گەیشتن بە دادپەروەری نەداوە بەڵام جەختی کردووەتەوە کە دابەشکردنی دەرمان لە ئێران نادادپەروەرانەیە.
لە ماوەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، شێرکەتەکانی دروستکردنی دەرمان لە ئێران باسیان لە گرانکردنی نرخی دەرمانەکان لە ٢٠٠ تا ٤٠٠٪ کردبوو.
وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی پزشکییان بەڵێنی داوە کە دەوڵەت نرخی گرانبوونی دەرمانەکان لە ڕێگەی بیمەکانەوە ئەدات، بەڵام بە چاولێکردن لە قەرزەکانی دەوڵەت لە بواری دەرمان و کەرەستە پزشکییەکان کە گەیشتووەتە نزیک ٥٦ هەزار میلیارد تمەن، چاوەڕوانیی ئەوە ناکرێت کە دەوڵەت گرانیی ٤٠٠ لە سەدیی نرخی دەرمان بۆ خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.
گرانیی نرخی دەرمان لەحاڵێکدایە کە دەوڵەت کێشەی دابینکردنی بەشێک لە دەرمانە تایبەتەکانی هەیە و ناتوانێت دەرمانی پێویستی هێندێک لە نەخۆشییە تایبەتەکان دابین بکات و لەم پێوەندییەشدا خەڵکی تووشی کێشە کردووە.