ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، کاک تەیموور فیرووزی پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری ئێسفەهان کۆچی دوایی کرد.
کاک تەیموور برا بچووکی شەهید شاپوور فیرووزی، ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزب و فەرماندەری پێشووی هێزی بێستوون بوو.
کاک تەیموور لە سەرەتای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان و تا ساڵی ٦٣ شانبەشانی شەهید شاپوور لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی بێستووندا درێژەی بە خەبات دا.
ناوبراو دواتر گەڕایەوە نێوخۆ و لەبەر زەبروزەنگی ڕێژیم ناچار بوو کوردستان بە جێ بێڵێ و هەتا کاتی ماڵاوایی لە ژیانی، نیشتەجێی شاری ئێسفەهان بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.