کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسیی ژنان پاڵنەرێ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی

17:28 - 23 بەفرانبار 2724

دیپلۆماسیی ژنان پاڵنەرێ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی

ئازاد مستۆفی

دیپلۆماسی زۆرجار وەک هونەری دانوستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دادەنرێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی دیمەنی کۆمەڵایەتی-سیاسیی وڵاتان. لە مێژووی دیپلۆماسیدا پیاوان زاڵ بوون بەسەریدا و لەم سەردەمەدا هەتا دێت بەشداریی ئافرەتان و ژنان لە بوارە جیاجیاکانی دیپلۆماسیدا پتر خۆدەنوێنی. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا هەنگاوێک نییە بەرەو یەکسانی جێندەری بەڵکو کاریگەریی فراوانتری هەیە، بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی زارەکی و جەستەیی دژی ژنان. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم تێڕوانینێکی گشتیی هەبێت بۆ پەیوەندی نێوان دیپلۆماسی ژنان و کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەریان. بابەتێک کە کەمتر باسی لێوە کراوەو هیوادارم ببێتە پەنجەرەیەک بۆ چالاکیی زیاتری ژنان و کچانی کورد لە بواری دیپلۆماسی نێودەوڵەتی، کە لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویانە بە باشی ئەنجامی بدەن، سەرنجی هەموولایەک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. بۆ ئەوەی بچمە نێو باسەکەوە، بەپێویستی دەزانم بەکورتی پەیوەندی نێوان بوونی ژنان لە دیپلۆماسی و توندوتیژی کۆمەڵایەتیدا لە ڕوانگەی دوو تیۆری، تیۆری کاریگەریی ڕۆڵ مۆدێل و تیۆری بڕبڕەیی شی بکەمەوە.

١-تیۆری کاریگەریی ڕۆڵ مۆدێل Role Model Effect

ئەم تیۆرییە ئەوە پیشان دەدات کە نوێنەرایەتیکردنی ئاشکرای ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا، هەڵوێست و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت. کاتێک ژنان ڕۆڵی دیپلۆماسی کاریگەر دەگێڕن، تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان دەکەن و ژنانی دیکە بەهێز دەکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی شەپۆلاوی دروست دەکات کە لێبوردەیی بەرامبەر بە توندوتیژی جێندەری کەمدەکاتەوە. کاریگەریی ڕۆڵ مۆدێل ناگەڕێتەوە بۆ تاکێک، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە بوارەکانی تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی و دەروونناسیدا هەیە. ئەلبێرت باندورا Albert Bandura، دەروونناسی ناسراو، زۆرجار لە ڕێگەی تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتییەوە پەیوەستە بە بیرۆکە بنەڕەتییەکانی پشت ئەم چەمکەوە. "باندورا" جەخت دەکاتەوە کە مرۆڤەکان لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەوانی ترەوە فێری ڕەفتار و نۆرمەکان دەبن، بەتایبەتی ئەوانەی کە پێیان سەرسامن یان بە هاوشێوەی خۆیان دەزانن. سەبارەت بە نوێنەرایەتی جێندەر، ئەم تیۆرییە پێشنیازی ئەوە دەکات کە ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییە دیارەکاندا هانی ئەوانی دیکە دەدەن کە ڕۆڵی هاوشێوە بگێڕن و تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان بکەن.

٢-تیۆری بڕبڕەیی Intersectionality Theory

ئەم تیۆرییە کە لەلایەن کیمبەرلی کرێنشاو Kimberlé Crenshaw داڕێژراوە، تیشک دەخاتەسەر سرووشتی یەکتر گرێدراوی پۆلێنبەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا زۆرجار تووشی چەندین جۆر لە جیاکاری دەبن- لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەژاد و توێژ. بە چارەسەرکردنی ئەم ئاڵۆزیانە، دیدێکی جیاواز دەهێننە نێو سیاسەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. کرێنشاو، توێژەری یاسایی و داکۆکیکاری مافە مەدەنییەکان، لە ساڵی ١٩٨٩ چەمکی ئینتەرسێکشناڵیتی ناساند. ئەو نیشانی دا کە چۆن ناسنامە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ڕەگەز، نەژاد و چینایەتی کارلێک دەکەن و شێوازی ناوازەی جیاکاری دێننەئاراوە. لەو کاتەوە تیۆری کرێنشاو بووەتە بەردێکی بناغەی تێگەیشتن لە چۆنیەتی یەکتربڕینی نایەکسانی سیستەمی، بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک توندوتیژی دژی ژنان. هەردوو تیۆرەکە تێڕوانینێکی بەنرخ بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی ئامادەبوونی ژنان لە بواری دیپلۆماسی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە فراوانەکانیدا دەخەنەڕوو.

ئەلف- ژنان لە دیپلۆماسیدا: چەند نموونەیەک لە جیهانی مۆدێڕن

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، بەشداریکردنی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سیاسەتەکانی چارەسەرکردنی توندوتیژی جێندەری لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هەبووە. لە درێژەدا نموونەی فەڕەنسا، بریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا دەخەمەڕوو کە پێشان دەدەن چۆن بەربەستە مێژووییەکان و دەستپێشخەرییە مۆدێڕنەکان بەشداریکردنیان لە دیپلۆماسیدا لە قاڵب داوە. بۆ نموونە سیاسەتی دەرەکی فێمینیستیی سوید کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ڕوونی یەکسانی جێندەری و مافی ژنان لە پێشینەی کارەکانیدایە. ژنە دیپلۆماتکارەکانی وەک مارگۆت والسترۆم Margot Wallström  پاڵپشتی دەستپێشخەرییەکانی دژی توندوتیژی جنسییان کردووە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و پێشینەیەکی جیهانییان داناوە. هەروەها لە نیوزلەندا، لە سەردەمی حکوومەتەکەی جاسیندا ئاردرن Jacinda Ardern ، دیپلۆماتکارە ژنەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە جێبەجێکردنی سیاسەتی پێشکەوتنخوازانە، لەوانەش یاسایەکی گشتگیر بۆ توندوتیژی خێزانی. بۆ ئەوەی زیاتر سەرنج بخەمە سەر سوودەکانی کاریگەریی ئەرێنی ژنە دیپلۆماتکارەکان لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگەدا، چەند نموونەیەک لە جیهانی مۆدێرن دێنمە بەرباس.

فەڕەنسا

هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ نێو دامەزراوەی دیپلۆماسی فەڕەنسا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستیپێکرد، هەرچەندە تێکەڵبوونی تەواویان، خاو بوو. سۆزان بۆرێل Suzanne Borel لە ساڵی ١٩٣٠ یەکەم ژنە دیپلۆماتکاری فەڕەنسی بوو. ساڵانێک پێش ئەوەی ژنان لە ساڵی ١٩٤٤ مافی دەنگدانیان دەست بکەوێت، ئەو توانایی خۆی لە بواری دیپلۆماسیدا سەلماندبوو. گەشەسەندن و پێشکەوتن لە دوای جەنگی جیهانی دووەم خێراتر بوو و مارسێل کامپانا Marcelle Campana لە ساڵی ١٩٧٢ بووە یەکەم باڵیۆزی ژن. لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیمانوێل ماکرۆن Emmanuel Macron، دیپلۆماسی فێمینیست بووە جێی سەرنج. لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی وەک ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی فێمینیست لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئامانجی پێشخستنی یەکسانی جێندەری لە ئاستی جیهانیدا. لە ساڵی ٢٠٢٣ فەڕەنسا ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆی بە دەستپێشخەرییەکانی پەیوەست بە جێندەرەوە بەخشی، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و پاراستنی مافەکانی زاوزێ. ئاکامی ئەم هەوڵەی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا بووە هۆی ئەوەی کە لە ئێستادا ژنان نزیکەی لەسەدا ٢٥ی باڵیۆزەکانی فەڕەنسا پێکدەهێنن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ یەکسانی جێندەری.

بریتانیا

لە بریتانیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ژنان بە فەرمی هاتنە نێو دیپلۆماسییەوە و لە ساڵی ١٩٤٦ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تاقیکردنەوەی پێشبڕکێی بەڕووی ژناندا کردەوە. بەڵام پراکتیزەکردنی جیاکاری، لەوانەش قەدەغەکردنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بۆ دیپلۆماتکارانی ژن هەتا ساڵی ١٩٧٢ بەردەوام بوو کە پێداگریی ژنان لە خواستەکانیان بووەی هۆی ئەوەیکە ئەمڕۆ نزیکەی ٣٠%ی باڵیۆزەکانی بریتانیا، ژنانن و جیاکارییەکانیش نەماون. ڕۆڵ و دەستپێشخەرییەکانی بەرەوپێشبردنی هەمەجۆریی نوێنەرایەتی جێندەری لە پۆستە دیپلۆماسییە سەرەکییەکان زیادی کردووە. بەشداری چالاکانەی بریتانیا لە هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکان دژی توندوتیژی جێندەری، وەک دەستپێشخەری ڕێگریکردن لە توندوتیژی جنسی لە ململانێدا (PSVI)، کاریگەریی دیپلۆماتکارە ژنەکان لە چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دەسەلمێنێ.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ئەمریکا لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیکرد بە تێکەڵکردنی ژنان لە شاندی دیپلۆماسی خۆیدا. ڕۆس برایان ئۆین Ruth Bryan Owen یەکەم باڵیۆزی ژنی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٣٣ لە دانیمارک بوو. بەدرێژایی دەیانساڵ، بوونی ئەژمارێکی بەرچاوی ژنانی سەرکەوتوو لە بواری دیپلۆماسی وەک مادلین ئۆلبرایت Madeleine Albright، کۆندۆلیزا ڕایس Condoleezza Rice و هیلاری کلینتۆن Hillary Clinton وەک وەزیری دەرەوە زیادی کردووە. لە ئێستادا ژنان لەسەدا ٣٢ی باڵیۆزەکانی ئەمریکا پێکدەهێنن. ژنانی دیپلۆماتکار ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پێشخستنی دەستپێشخەرییە جیهانییەکان دژی توندوتیژی جێندەری، لەوانە دەستپێشخەری پاراستنی توندوتیژی جێندەری و وەڵامدانەوەی فریاگوزاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

ئەڵمانیا

ژنانی ئەڵمانی لە دوای جەنگی جیهانی دووەم هاتنە نێو گۆڕەپانی دیپلۆماسییەوە و لە نەوەدەکاندا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا. گرنگیدانی ئەم وڵاتە بە یەکسانی جێندەری لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا دیارە. هەوڵەکانی ئەم دواییە بریتین لە پێشخستنی ڕۆڵی ژنان لە دانوستانەکانی ئاشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی. ئەمڕۆ ژنان نزیکەی لەسەدا ٢٥ی ڕۆڵی باڵیۆزایەتی لە ئەڵمانیادا بەدەستەوەیە و حکوومەت پشتگیری لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، وەک CEDAW (پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژنان).

وەک لە ئامارەکانی ئاماژەپێکراودا دەبینین لە هەر چوار وڵاتدا بەشداری ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا زیادی کردووە بەڵام بۆشایی بەرچاو ماونەتەوە. بۆ نموونە: فەڕەنسا: ژنان 25%ی ڕۆڵی باڵیۆزیان بەدەستەوەیە. بریتانیا: نزیکەی 30%ی باڵیۆزەکان ژنن. ئەمریکا: ژنان 32%ی پۆستەکانی باڵیۆزیان بەدەستەوەیە. ئەڵمانیا: باڵیۆزی ژن 25%ی کۆی گشتی پێکدەهێنن. ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەست هاتوون و لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر پێویستی بەردەوامیی هەوڵدان بۆ یەکسانی جێندەری لە دیپلۆماسیدا دەکەنەوە.

کاریگەریی لەسەر توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری

بەشداریی ئافرەتان لە دیپلۆماسیدا، مەودای سیاسەتەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دژی ئافرەتان فراوانتر کردەوە. بۆ نموونە: دیپلۆماسی فێمینیستی فەڕەنسا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە پێشینەی کارەکانی داناوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی دەستپێشخەرییەکانی وەک PSVI گرتەئەستۆ و نووسینگەی جیهانی پرسەکانی ژنانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تەحەددایانە کردەوە. بریتانیا و ئەڵمانیا ڕۆڵی ئافرەتانیان لە ئاشتیپارێزی و چارەسەرکردنی ململانێکان بەرەوپێش بردووە کە تێیدا ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێکهاتەیەکی گرینگە. ئەم نموونانە دەریدەخەن لە کاتێکدا پێشکەوتن بەدیهاتووە بەڵام بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری تەواو لە دیپلۆماسیدا بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و پێشخستنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی فراوانتر زۆر گرنگە. هەروەها ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا نەک هەر کاریگەرییان لەسەر سیاسەتە جێندەرەکان هەیە، بەڵکو گێڕانەوەی کۆمەڵایەتیش سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان دەگۆڕن و بێگومان بەمەش توندوتیژی سیستماتیک کەم دەبێتەوە.

ئامانجەکانی PSVI

PSVI کورتکراوەی دەستپێشخەری بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی جنسی لە ململانێدا " Preventing Sexual Violence in Conflict Initiative"یە و هەوڵێکی مرۆڤدۆستانە و دیپلۆماسیانەیە لەلایەن بریتانیاوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە وەڕێخراوە. دەستپێشخەرییەکە لەلایەن ویلیام هێگ، وەزیری پێشووی دەرەوەی بریتانیا و ئەکتەری ناودار و چالاکوانی مافی مرۆڤ ئەنجلینا جولی سەرپەرشتی کرا و هەوڵدەدات بەکارهێنانی بەربڵاوی توندوتیژی جنسی وەک چەکێکی جەنگ ئیدانە بکات و ئامانجەکانی بریتین لە:

-لێپرسینەوە و دادپەروەری: باشترکردنی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی جنسی لە ململانێکاندا بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوەی تاوانباران.

-پاڵپشتی بۆ ڕزگاربووان: پاڵپشتی گشتگیر بۆ ڕزگاربووان دابین دەکات، لەوانەش هاوکاری پزیشکی و دەروونی و یاسایی.

-پاڵپشتی نێودەوڵەتی: زیادکردنی هۆشیاریی جیهانی و فشار لەسەر حکوومەت و ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی لە پێشینەی کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جنسی دابنێن.

-پەرەپێدانی سیاسەت: تێکەڵکردنی میکانیزمەکانی خۆپاراستن و وەڵامدانەوە لە پرۆسەکانی ئاشتیپارێزی و دیپلۆماسیدا.

 هەندێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی PSVI بریتین لە:

- لووتکەی جیهانی بۆ ئەوەی دژکردەوەیەکی یەکگرتوو دیاری بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی جنسی لە ململانێدا بێنن لە لەندەن ساڵی ٢٠١٤ سەرکردەکانی جیهانی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕزگاربووانی کۆکردەوە.

- پشتگیریی ماددی و مەعنەوی ئەو ڕێکخراوە بنەڕەتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ توندوتیژی جنسی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دەکەن.

- پشتگیریکردن لە پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی توندوتیژی جنسی.

PSVI ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی هەبووە لە داڕشتنی سیاسەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە و جەختی لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی توندوتیژی جێندەری لە هەوڵەکانی ئاشتیپارێزی و ئاوەدانکردنەوەی دوای ململانێدا کردووە.

ب- تەحەددا و سەرکەوتن لە وڵاتانی گەشەنەکردوو

لە وڵاتانی گەشەنەکردوودا پەیوەندی نێوان ژنان لە بواری دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پڕ لە وردەکاری و هەستیار و گرنگە. ژنانی دیپلۆماتکار زۆرجار بانگەشە بۆ سیاسەتی گشتگیر دەکەن و باس لە پرسگەلی سیستماتیک وەک نایەکسانی جێندەری و توندوتیژی دەکەن بەڵام بەربەستە کولتووری و ئابووری و دامەزراوەییەکان لەم وڵاتانەدا بەو مانایەیە کە کاریگەرییەکانیان یەکسەر دیار نییە. بۆ نموونە، ژنە دیپلۆماتکارەکان لەم جۆرە وڵاتانەدا زۆرجار هەوڵدەدەن بۆ یارمەتی و هۆشیاری نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نۆرمەکانی پیاوسالاری چەسپاو و نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردن دەتوانن ڕێگری لە پێشکەوتن بکەن. سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، بوونی ژنان لە دیپلۆماسیدا هەنگاوێکی سیمبولیک و پراکتیکییە بەرەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکان، ئیلهامبەخشە بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کاریگەریی لەسەر سیاسەتە نێوخۆییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی دژی ژناندا دەکات. بێگومان ئەمەش جەخت لەسەر توانای گۆڕانکارییەکانی بەشداریکردنی ئافرەتان لە دیپلۆماسیدا دەکاتەوە تەنانەت لەو شوێنانەی کە بەربەستی پێکهاتەیی بەرچاویان هەیە. لێرەدا ئاماژە بە نموونەی وڵاتانی گەشەنەکردوو دەهێنم کە دەیسەلمێنێ چۆن چالاکییەکانی ئافرەتان لە بوارە جیاجیاکانی دیپلۆماسیدا، سەرەڕای ئاستەنگی سیستماتیک، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژناندا هەبێت.

 ڕواندا

لەم وڵاتەدا ژنان پاش کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٩٤ کە شایەتی توندوتیژی جنسی بەربڵاوی بوون، هاتنە ڕیزی پێشەوە دیپلۆماسی و سیاسەتگوزاری. ژنە دیپلۆماتکارەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتەکانی دوای جەنگی ڕواندا، وەک ناساندنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی جێندەری، لەنێویاندا یاسای توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری ساڵی ٢٠٠٨. ئێستا ڕواندا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆرترین نوێنەرایەتی ژنانی لە حکوومەتەکەیدا (لەسەدا ٦١ لە پەرلەمان) هەیە و دیپلۆماتکارە ژنەکان پلاتفۆرمەکانیان بەکاردەهێنن بۆ پشتگیریکردن لە داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی ژنان و هەوڵەکانی بنیاتنانی ئاشتی. بوونی ئەوان لە دیپلۆماسیدا یارمەتیدەرە بۆ تەحەدای نۆرمەکانی پیاوسالاری چەسپاو و هاندەری کردەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری.

 ئەفغانستان

لە ئەفغانستانی هەمیشە جەنگاویدا، بوونی ژنانی وەک ڕۆیا ڕەحمانی باڵیۆزی پێشووی وڵاتەکەی لە ئەمریکا، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوانەی نەریتی و بناژۆخوازدا هەنگاوێکی بوێرانە بوو. ڕەحمانی لەسەر پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان داکۆکی لە پەروەردە و مافەکانی ئافرەتان دەکرد و سەرنجی بۆ ئەو توندوتیژییە ڕاکێشا کە ڕووبەڕووی ژنانی ئەفغانستان دەبۆوە. لە کاتێکدا کە ناسەقامگیری سیاسی و سەرهەڵدانەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان زۆرێک لە دەستکەوتەکانی پێچەوانە کردووەتەوە، گومانی تێدا نییە کە ژنە دیپلۆماتکارەکانی وەک ڕەحمانی ئیلهامبەخشن بۆ بزووتنەوەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئەفغانستان و دەیسەلمێنێت چۆن بەشداری ژنان تەنانەت دەتوانێت لە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی بەرچاودا پاڵ بە گۆڕانی سیستماتیکەوە بنێت.

 لیبێریا

یەکەمین سەرکۆماری ژنی لیبێریا، ئیلین جۆنسۆن سیرلیف Ellen Johnson Sirleaf، دیپلۆماتکارێکی بەرچاو نەبوو بەڵکو وەک کەسایەتییەکی سیمبولیک سەرکردایەتی ژنانی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکرد. حکوومەتەکەی ژنە دیپلۆماتکارەکانی لەخۆگرتبوو کە لە پێشینەی کارەکانیاندا چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان وەک پرسێکی نیشتمانی لەئەستۆ بوو. لیبێریا لە ساڵی ٢٠٠٥دا یاسای دەستدرێژی جنسی لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا ڕاگەیاند و ژنە دیپلۆماتکارەکانی لیبریا لە کاتی چاکبوونەوەی وڵاتەکە لە شەڕە ناوخۆییەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان لە پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی هەستیاری جێندەردا هەبوو.

نەیجیریا

نەیجیریا دیپلۆماتکارە دیارەکانی ژنی وەک ئامینە محەمەد-ی بەخۆیەوە بینیوە کە پێش ئەوەی ببێتە جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک وەزیری ژینگەی نەیجیریا کاری کردووە. لە کاتێکدا ناوبراو ڕۆڵی زیاتر نێودەوڵەتییە بەڵام کارەکانی سەبارەت بە توندوتیژی ڕەگەزی، لەوانەش چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی کچان لە باکووری ڕۆژهەڵات لە کاتی یاخیبوونی بۆکۆحەرامدا، کاریگەرییان لەسەر کارنامەی نێوخۆیی نەیجیریا هەبووە. هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەو جەخت لەسەر گرنگی پەروەردەی کچان و یەکتربڕینی گەشەپێدان و یەکسانی جێندەری دەکەنەوە.

لەم نموونانەدا زۆرجار کاریگەری ژنان لە دیپلۆماسیدا لە گۆڕانکارییە ڕاستەوخۆکانی سیاسەت تێدەپەڕێت و لەبری ئەوە گۆڕانی کۆمەڵایەتی وردە وردە دەوروژێنێت. تەحەددیاتی وەک بەرخۆدانی کولتووری، نەبوونی سەرچاوە و میکانیزمی لاوازیی جێبەجێکردن، ڕێگری لە پێشکەوتنی دەستبەجێ دەکات بەڵام بوونی ئافرەتان لە دیپلۆماسیدا تیشک دەخاتەسەر ڕۆڵی گرنگی ئەوان لە دروستکردنی گۆڕانکاری درێژخایەن. ئەم ژنانە بە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لە ڕێگەی داکۆکیکردن و پەروەردە و هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە، ڕێگە بۆ پێشکەوتنەکانی داهاتوو لە کۆمەڵگەکانیاندا خۆش دەکەن. ئەم حاڵەتانە جەخت لەسەر توانای گۆڕانی دیپلۆماسی ژنان، تەنانەت لەو چوارچێوەیەشدا کە نایەکسانی جێندەری بە قووڵی چەسپاوە دەکەنەوە. چالاکی کەمی ژنان لە دیپلۆماسیدا تەنیا ڕەنگدانەوەی نایەکسانییەکان نییە بەڵکو بەردەوامی بەو نایەکسانییە دەدات. کۆمەڵگەکان بە وەلانانی ژنان لە ڕۆڵی سەرکردایەتی، شکست لە چارەسەرکردنی پرسە تایبەتەکانی جێندەری و توندوتیژی دژی ژنان دەهێنن و لەهەمانکاتدا نۆرمەکانی پیاوسالاری بەهێز دەکەن. بەپێچەوانەوە، بەشداریکردنی ژنان لە دیپلۆماسیدا، فرەچەشنی و داهێنان و پێشکەوتن بەرەوپێش دەبات. تەحەدای توندوتیژی سیستماتیکی دەکات و ڕێگە بۆ سیاسەتی دادپەروەرتر و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات. چارەسەرکردنی ئەم نەبوونیە نەک تەنها بۆ یەکسانی جێندەری بەڵکو بۆ دروستکردنی جیهانێک کە توندوتیژی دژی ژنان چیتر تەحەمول نەکرێ، زۆر گرنگە.

ج- ئایا ئامادەنەبوون یەکسانە بە توندوتیژی؟

نەبوونی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا پرسێکی فرەلایەنەیە کە لە تەنها ئامارێک تێدەپەڕێت. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی قووڵترە و ئەو پێکهاتانە بەهێزتر دەکات کە توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام دەکەن. بێگومان، نەبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە دیپلۆماسیدا، هەم وەک نیشانەی سیستەمی پیاوسالاری و هەم وەک میکانیزمێک کە پارێزگاری لێدەکات و لە کۆتاییدا ڕێگری لە پێشکەوتن بەرەو یەکسانی جێندەری دەکات. کەمی ژمارەی ژنان لە ڕۆڵی دیپلۆماسیدا ڕەنگدانەوەی لایەنگرییە ڕەگەزییە چەسپاوەکان و نایەکسانی پێکهاتەیی. لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا، بەتایبەت لە وڵاتانی گەشەنەسەندوو، نۆرمەکانی کولتووری و ڕۆڵی ڕەگەزیی نەریتی وادەکات کە پۆستی سەرکردایەتی بۆ پیاوان تەرخان بکرێت. زۆرجار ژنان دەخرێنە سەر ڕۆڵی لاوەکی کە دەرفەتەکانیان بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی سنووردار دەکات. ئەم وەدەرنانی سیستماتیکیە پەیامێکی کۆمەڵایەتی فراوانتر دەنێرێت کە دەنگ و بەشدارییەکانی ژنان کەمتر بەهایان هەیە. کاتێک نیوەی دانیشتووان لە مێزی دانوستانەکان دوور دەخرێنەوە، زۆرجار سیاسەت و پراکتیکەکان شکست دەهێنن لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە بەشێوەیەکی ناوازە کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە، لەوانەش توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری. جگە لەوەش، نەبوونی نمونەی ئافرەتانی دیار لە دیپلۆماسیدا، ئەو باوەڕە بەردەوام دەکات کە ئەم جۆرە ڕۆڵانە بۆ ژنان بەدەست ناهێنرێن، ئەمەش سووڕێکی ڕەتکردنەوە دروست دەکات.

نەبوونی ئامادەیی لە دیپلۆماسیدا دەرئەنجامی سیمبۆلیک و پراکتیکی هەیە کە توندوتیژی دژی ژنان چڕتر دەکاتەوە:

١-دەرئەنجامە سیمبۆلیکەکان

 - نەبوونی ژنان لە پۆستە سەرکردایەتییەکان، پەڕاوێزخستنیان ئاسایی دەکاتەوە و هەروەها ڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان کە توندوتیژی دژی ژنان وەبەرچاو ناگرێت، دەپارێزێت.

 - دیتنی ئافرەتان لە بەشەجۆراوجۆرەکانی دەسەڵات کەم دەکاتەوە و ئەو تێڕوانینەی کە ژنان توانای کەمتریان هەیە یان شایستەی سەرکردایەتیکردن نین، بەهێز دەکاتەوە؛ ئەمەش لە بەرامبەردا ڕەوایەتی بە پراکتیک و سیاسەتی جیاکاری دەدات.

٢-دەرئەنجامە کردارییەکان

 - سیاسەت و ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکان زۆرجار نۆرمەکانی نێوخۆ و نێودەوڵەتی لە قاڵب دەدەن. بەبێ هەبوونی ڕوانگەی ژنان، ئەم سیاسەتانە ڕەنگە شکست بهێنن لە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک توندوتیژی خێزانییەوە هەتا ئازاردانی جنسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەم پرسانە بەبێ گرنگیدان و ئەولەویەتدانێکی تەواو بەجێبهێڵن.

 - لەوانەیە کەشی دیپلۆماسی کە پیاوان زاڵن، چارەسەرە هەستیارەکانی جێندەر پشتگوێ بخەن و خاڵی کوێر لە چارەسەرکردنی توندوتیژیدا بەردەوام بمێنێتەوە.

گشتگیریی وەک چارەسەرێک بۆ توندوتیژی

بەتێپەڕبوونی کات سەلمێنراوە کە زیادکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا کاریگەریی گۆڕینی هەیە، نەک تەنها لە بواری دیپلۆماسی خۆیدا بەڵکو لەسەر تێڕوانینی کۆمەڵگەش بەرامبەر بە توندوتیژی دژی ژنان.

١-پاڵپشتیکردنی ستراتیژی هەمەلایەنە

 زۆرجار ژنە دیپلۆماتکارەکان ڕوانگەی ناوازە دەهێننە سەر مێزەکە و بانگەشە بۆ ئەو سیاسەتانە دەکەن کە باس لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی توندوتیژی دژی ژنان بکەن. لەوانە:

 - ڕێوشوێنی یاسایی: پتەوکردنی یاساکان بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان.

 - دەستپێشخەرییە پەروەردەییەکان: بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لەڕێگەی پەروەردە و هەڵمەتەکانی هۆشیاری گشتی.

 - چاکسازی کۆمەڵایەتی: تەحەدای نۆرمەکانی کولتووری کە توندوتیژی و جیاکاری بەردەوام دەکەن.

٢-نموونە بۆ گۆڕانکاری

 بوونی ژنان لە دیپلۆماسیدا وەک هێمایەکی بەهێز کاردەکات، تەحەدای چەشنە کۆنەپەرستانەکان دەکات و هانی نەوە گەنجەکانی ژنان دەدات بۆ گەیشتن بە ڕۆڵی سەرکردایەتی. ئەم بینینە یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان و پەرە بە قبووڵکردنی زیاتری بەشداری ژنان لە ژیانی گشتیدا دەدات.

٣-هەمەجۆریی سیاسەت

 ژنان لە بواری دیپلۆماسیدا پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت هەمەچەشن دەکەن و دڵنیا دەبن لەوەی کە پرسە هەستیارەکانی جێندەری چارەسەر دەکرێن. بەشداریکردنیان گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان دەوڵەمەند دەکات و چارەسەری گشتگیرتر بۆ ئاستەنگە جیهانییەکان پەرەپێدەدات، لەوانەش توندوتیژی دژی ژنان. هەندێک لە ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ بەهێزکردنی کاریگەری ژنان لە بواری دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان بریتین لە:

-پەروەردەی گشتگیر: هاندانی کچان  و ژنان بۆ بەدواداچوونی پیشەی دیپلۆماسی لە ڕێگەی سکۆلەرشیپ و پرۆگرامی ڕاهێنەرایەتی.

-پشکی جێندەری: جێبەجێکردنی پشکەکان بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی هاوسەنگ لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.

-گۆڕانکاری کولتووری: بۆ ئاساییکردنەوەی ژنان لە ڕۆڵی سەرکردایەتیدا، کەڵکوەربگیرێت لە ڕاگەیاندن و کەمپەینی گشتی.

-هاریکاریی نێودەوڵەتی: بەهێزکردنی تۆڕی جیهانیی دیپلۆماتکارانی ژن بۆ هاوبەشکردنی ستراتیژی و سەرچاوەکان.

 

Bandura, A. (1977). Social Learning Theory. Englewood Cliffs, NJ: Prentice-Hall.

Lockwood, P. (2006). "Someone Like Me Can Be Successful: Do College Students Need Same-Gender Role Models?" Psychology of Women Quarterly, 30(1), 36-46.

Crenshaw, K. (1991). Mapping the Margins: Intersectionality, Identity Politics, and Violence Against Women of Color. Stanford Law Review, 43(6), 1241-1299.

 

Women of French Diplomacy. Embassy of France in the United States. 

   Published: May 4, 2018.

International Strategy for Equality Between Women and Men (2018-2022) 

   French Ministry of Europe and Foreign Affairs. 

Historical Evolution of Women in British Diplomacy. UK Foreign Office Gender Initiatives.

The Rise of Female Diplomats in the U.S.  Office of the Historian, U.S. Department of State. (https://history.state.gov)

Women in German Diplomacy: A Historical Overview. German Federal Foreign Office. (https://www.auswaertiges-amt.de)

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی PSVI دەتوانن سەردانی لاپەڕە فەرمییەکەی بکەن:

(https://www.gov.uk/government/collections/preventing-sexual-violence-in-conflict-initiative)

لە ساڵی ١٩٣٨ لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٨ بیست و چوارەمین سەرکۆماری لیبێریا بووە. لە ساڵی ١٩٧٩ تا مانگی نیسانی ١٩٨٠ لە سەردەمی سەرۆکایەتی ویلیام تالبێرت وەزیری دارایی بووە. لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ توکل کرمان و لیما گبۆی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێناوە و یەکەم ژنە لە کیشوەری ئەفریقیا وەکو سەرکۆمارهەڵبژێردرێت.