
عەلی محەممەد ئەبوویی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کارگەکانی پۆڵا، ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامی گرت و وتی: ئەگەری پچڕانی گشتیی کارەبا لە بەشە پیشەسازییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا هەیە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی "ئیقتساد ئانلاین"، عەلی محەممەد ئەبویی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەواڵێکی خۆشی بۆ چالاکوانانی بەشی پیشەسازی پۆڵا نییە، و بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی پیشە، کانزا و بازرگانی بڕیار دراوە کە کارەبای بەشە پیشەسازییەکان بە تەواوەتی بپچڕێت.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەکان، جەهانبەخش شوکری، سەرۆکی "ماڵی وەزارەتی پیشە، کانزا و بازرگانی لە کرماشان، وتی: "١٠ مانگی ساڵ تێپەڕی و لەم ماوەیەدا پیشەسازییەکان بە تایبەت پۆڵا زیاتر لە سێ مانگ کاریان نەکردووە و بەرهەمهێنان لە ئێراندا تووشی شکەست بووە.
کێشەی قەیرانی وزە لە ئێران کێشەیەکی بنەڕەتییە کە چەند هۆکاری سەرەکیی هەیە، لەوانە سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا، زیادبوونی حەشیمەت، کۆنبوونی سیستمی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
زیاتر لە ٩٠ لەسەدی کارەبای ئێران لەو وزەخانانەی بەرهەم دێت کە لە گاز، گازۆئیل و مازووت بۆ بەرهەمهێنان کەڵک وەردەگرن و پشکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی ناوکی و وزەخانە ئاوییەکان تەنیا ٢ لەسەدە.
جیا لە نەبوونی وزە، بە تایبەتی لە وەرزی سەرمادا و بەهۆی بەکارهێنانی مازووت لە وزەخانەکانی ئێراندا، ڕێژەی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکانی ئێران دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەم پێیە دامەزراوە دەوڵەتییەکان، قوتابخانەکان و زانکۆکان، لانیکەم لە ٢١ پارێزگای ئێران بەهۆی نەبوونی توانای دەوڵەت لە دابینکردنی وزەی پێویستیان، کاروباری ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرتووە.