کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی کەلوپەلی سەرەتایی لە بازاڕەکانی ئێران/ بەرهەمە شیرەمەنیەکان گرانتر بوون

18:17 - 23 بەفرانبار 2724

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکان، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا نرخەکان بە ڕێژەی بەرجاو بەرز بوونەتەوە و جگە لە گرانی نرخەکان خەڵک شاهیدی نەبوونی کەلوپەلە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکاندان.

ڕۆژنامەی هەممیهەن لە ژمارەی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباردا نووسیویەتی کە بە پێی ڕاپرسیی مەیدانی، بازاڕەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە کەلوپەلی سەرەتایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کەمی و گرانبوونی نرخ بوونەتەوە.

لە ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر کاڵا سەرەتاییەکان و ئەم بابەتە لە چینە کەمداهاتەکاندا بە بەراورد بە ڕابردوو زیاتر بەرچاو دەکەوێت.

هەممیهەن لە ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێت: "توێژینەوەکان دەریدەخەن کە بڕی بەکارهێنانی کاڵا سەرەتاییەکان لەلایەن چینە کەمداهاتەکان و تەنانەت مامناوەندەکانیشەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان، ئەم دابەزینەی بەکاربردنیش زیاتر هەستی پێ دەکرێت.

ئەمە هەمان ئەو بابەتەیە کە نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە چونکە تەنانەت بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە دوورە لە ڕاستی، بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران ڕۆژانە زۆر کەمتر لە ٢١٠٠ میلیۆ کالۆری وەردەگرن.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی هەمشەهری لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباردا نووسیویەتی، لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا جارێکی دیکە نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرز بووەتەوە.

 لە ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرهەمە شیرەمەنییەکان بە نرخێکی نوێ دراونەتە بازاڕ، هەرچەندە ڕێژەی گەشەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە مانگی بەفرانباردا هێندەی مانگی ڕەزبەر نییە، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنیەکان "تەنها دوای ٣ مانگ ڕووداوێکی نائاساییە چونکە پێشتر نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان ساڵانە دەگۆڕدران.

هەروەها ماوەیەکی زۆرە کە نرخی ڕۆن بە فەرمی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بەشێوەی جیرەبەندی لە بازاڕەکاندا بڵاو دەکرێتەوە و دەتوانین بڵێتن کەم دەست دەکەوێت.

 لە دوایین ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا ئاماری هاوردەکردنی ڕۆن زیاتر لە ٣٠٪ کەمبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٩٠٪ی ڕۆنی ئێران لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە دابین دەکرێت.