کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکوومکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی لەلایەن بەرەی یەکگرتووی کوردەوە

18:20 - 23 بەفرانبار 2724

دوابەدوای کاردانەوەی بەربڵاو بە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە، بەرەی یەکگرتووی کوردیش خوازیاری هەڵوەشانەوەی ئەم سزایە و پێداچوونەوە ڕێژیم بەم بڕیارەدا بوو.

بەرەی یەکگرتووی کورد نووسیویەتی: سەرەڕای هەبوونی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، دۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی کارەبا، ئاو و گاز، داخران و لەنێوچوونی بازاڕ و پیشەسازی، ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ژنان، کرێکاران، خانەنشینکراوان، فەرهەنگیان و کارمەندەکان، چوونە ژێر هێڵی هەژاریی دەهەکەکانی ٧ و ٨ و گوشار و هەڕەشە دەرەکییەکان کە سێبەری شەڕیان خستووەتە سەر وڵات، ئەمجۆرە سزا قورس و نادادپەروەرانە بۆ یاردیدەدەرێکی کۆمەڵایەتی و باقی بەندکرانی مەحکوومکراو بە سێدارە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەمجۆرە سزایانە دۆخەکە ئاڵۆزتر، ناڕەزایەتییەکان زیاتر و کۆمەڵگەش هەستیارتر دەکەنەوە.

بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی پەخشان عەزیزی، داوای لە ڕێژیم و بەرپرسانی پێوەندیدار کرد کە پێداچوونەوە بە سزای پەخشان عەزیزی و هەموو دۆسییەکانی سێدارەدان بکەنەوە و لە جێبەجێکردنی سزای لەم چەشنە پاشگەز ببنەوە و کۆمەڵگە لەوەی کە هەیە ئاڵۆزتر نەکەن.