سەرۆکوەزیرانی سوید ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە بەکارهێنانی گرووپە تاوانکارەکانی ئەم وڵاتە بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە تونداژۆکانی خۆی.
ئۆڵف کریستێرسۆن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار لە کۆنفڕانسی ساڵانەی "کۆمەڵگە و بەرگری"، بە ئاماژەدان بەوەی کە کەشتییەکی ڕووسی لە دەریای باڵتیک خەساری بە کابلەکان لە ژێر ئاودا گەیاندووە و هەروەها کۆماری ئیسلامیش لە کەڵکاژوو وەرگرتن لە گرووپە تاوانکارەکانی ئەم وڵاتە بەردەوامە وتی: "سوید ئێستا نە لە شەڕدایە و نە لە ئاشتی".
کریستێرسۆن لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە سوید کەوتووەتە بەر تەوژمی هێرشەکان لە شەڕێکی بریکاریدا.
سەرۆکوەزیرانی سوید لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە ئێران لە گرووپە تاوانکارەکانی ئەم وڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەوڵی توندوتیژانە و تاوانی قورس لە وڵاتی سوید کەڵک وەردەگرێت.
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی سوید لە بەهاری ئەمساڵدا ڕایانگەیاندبوو کە حکوومەتی تاران بۆ ئەنجامی هەوڵی توندوتیژانە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە سوید و چەند وڵاتی دیکە، لە گرووپە تاوانکارەکانی ئەم وڵاتە کەڵک وەردەگرێت.
پێوەندییەکانی نێوان سوید و ئێران لە ساڵانی ڕابردوو و پاش دادگاییکردنی حەمید عەباسی بەرەو ئاڵۆزبوون چوو، هەرچەند کە دەوڵەتی سوید لە کۆتاییدا "عەباسی"ـی ڕادەستی ئێران کردەوە.
ئۆڵف کریستێرسۆن لە بەشێکی دیەکەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بەوەی کە کەشتییەکی نەوتکێشی ڕووسی خەساری بە کابلەکانی ژێردەریایی باڵتیک گەیاندووە وتی: "ئێمە ساویلکە نین و ئەمە چەند جارە کە ڕووداوی سەیروسەمەر لە دەریای باڵتیک ڕوو ئەدات".
بەرپرسانی سویدی بەپێی لێکۆڵینەوەکان ڕایانگەیاندووە کە کەشتی "ئیگێڵ ئێس" بە بەردانەوەی لەنگەرەکەی، هێڵێکی گواستنەوەی کارەبا و چوار کابڵی پێوەندیگرتنی لە ژێر ئاوی دەریای باڵتیکدا پچڕاندووە.