کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد

11:02 - 24 بەفرانبار 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، کاک مەحموود حەسەنپوور ناسراو بە مەحموودلاو خەڵکی گوندی "گردەبەردان" سەر بە ناوچەی "سارم و میرقاز"ی مەهاباد بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک مەحموود هەر لە سەردەمی منداڵییەوە بە بیری کوردایەتی گۆش دەکرێ و تا کۆتایی تەمەنیشی هەر لەسەر ئەو بیر و باوەڕە دەمێنێتەوە.

ناوبراو لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی چەکدارانەی حیزبی دێموکرات، هاوکارییەکی زۆر لە بابەت دابینکردنی پێداویستی و دیتنەوەی شوێن و جێگا بۆ کادر و پێشمەرگەکانی ئەو سەردەم دەکا و بەتایبەت پەیوەندیی تایبەتی لەگەڵ شەهیدی نەمر مەلا مەحموودی زەنگەنەدا هەبووە.

کاک مەحموود لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزبی دێموکرات، پەیوەستی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سارم و میرقاز دەبێت و بە ناوی نهێنیی "بێستوون" کار و چالاکیی خۆی دەست پێ دەکات و سەرەتا وەکوو هەستەی سیاسی و دواتریش وەکوو هەستەی نیزامی ئەوپەڕی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی دەخاتە گەڕ و هەروەها وەکوو پێشمەرگەی چەکدار ڕۆڵی خۆی دەبینێت.

بەداخەوە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و نزیک بە ٢ ساڵ و نیو دەخرێتە زیندان.

جەللادانی ڕێژیمی خومەینی لە زینداندا، بە توندترین و دڕندانەترین شێوەکان ئەشکەنجەی کاک مەحموود دەدەن بە شێوەیەک کە ئاسەواری ئەشکەنجەکان تا کۆتایی تەمەنی بەسەر جەستەیەوە هەر دیار بوو.

کاک مەحموود، کەسێکی نیشتمانپەروەر، حیزبدۆست، مرۆڤێکی دەروەست، خاوەن هەڵوێست، بێباک و قایم لەسەر بیر و باوەڕ و تێگەیشتنەکانی خۆی بوو و لە هیچ هەلومەرج و بارودۆخێکدا خۆی نەدەدۆڕاند و سەری بۆ کەس دانەدەنواند و هەمیشە لایەنگری حەق و ڕاستی بوو.

جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو خۆشەویستییەکی تایبەتیی بۆ شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملووی نەمر هەبوو و ئاوات و خولیای هەر ئەوە بوو کە کوردستان ئازاد ببێت و هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات ببینێتەوە و لە کۆتایی تەمەنیشیدا هەر دەیکوت کە " کوێر بم پێیەکانم دۆخیان خراپە، دەنا ئەمن هەر دەبا لەنێو حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەدا بایەم".

تەرمی کاک مەحموود لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا لە گۆڕستانی مەهاباد بە خاکی پیرۆزیی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی سارم و میرقازی مەهاباد دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.