ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، حاجی خەجێ موتەفیق ئەدیب، خەڵکی گوندی کاولانێی ناوچەی سەردەشت و ئەندامی دێرینی حیزب لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.
حاجی خەجێ دایکی شەهید حەسەن موتەفیق ئەدیب ناسراو بە شەهید ''حەسەن ئارپیجی'' و هاوژینی کۆچکردوو حاجی عەلی ئەندامی دێرینی حیزب و تێکۆشەری حیزب لە ساڵەکانی ٤٦- ٤٧ بوو.
شەهید حەسەن ئارپیجی سەر بە کۆمیتەی شارستانی سەردەشت بووە، لە ساڵی ١٣٧٤ لە دەشتی وەزنێ سەر بە ناوچەی سەردەشت شەهید بووە.
حاجی خەجێ یەکێک لەو ژنە تێکۆشەرانەی مەیدانی ڕاستەقینەی خەبات بوو کە سەرەڕای سەختیی ژیان و ژیانی ئاوارەیی چەندین دەیە لە کوردستانی باشوور، توانی وەک شێرەژنێک جگەرگۆشەکانی بۆ شۆڕش گۆش بکات و وەک خۆی لە مەیدانی ڕاستەقینەی خەباتدا دژی زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان ڕابوەستن و جلوبەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بپۆشن و قارەمانی شەهیدی وەکوو حەسەن ئارپیجییان لێ هەڵکەوێ.
ژیانی دەربەدەری و تاراوگەنشینیش نەیتوانی تۆزقاڵێک لە ورەی حاجی خەجێ کەم بکاتەوە، بەڵکوو بوێرانەتر و شێلگیرتر لە جاران توانی تا کۆتایی تەمەن و تا کاتی کۆچکردنی وەک ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێموکرات بمێنێتەوە و وەک ژنێکی بارهاتوو لە مەکۆی پڕ لە شانازی خەباتدا بتوانێ کاریگەریی لەسەر هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی هەبێ و هەستی کوردایەتی لە ناخیاندا گەشە بکات، وەک دایکە شەهیدێک هەمیشە لەبیری حیزبەکەیدا بێ و سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنیش هیچکات لە سەرکەوتنی ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی بێ هیوا نەبێت.
حاجی خەجێ خاتوونێکی کۆمەڵایەتی، قسەخۆش و جێی ڕێزی هەموو لایەک بووە و لە هامان کاتدا ماڵەکەی بۆ لێقەوماوان وەک خانەقایەک بووە، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا زیاتر بژی و خزمەت بە حیزب و گەل و نیشتمانەکەی بکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.