دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم، بکوژانی خەڵکی بەلووچی کە لە ڕۆژی هەینی خوێناویدا زیاتر لە سەد کەسیان لە زاهیدان کوشت، لە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بێبەری کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "مێهر"ـی سەر بە ڕیژیم، عەلی موەحێدیڕاد، بەرپرسی گشتیی دادگای ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکانی عەشیرە و ڕێش سپیگەلی بەلووچستان، باسی لە بێبەریکردنی بکوژانی خەڵکی بەلووچ لە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست کردووە.
ڕاپۆرتەکە زیادی کردووە کە، ئەم کەسانە کە پێشتر بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بە "قەساس" حوکم درابوون، لەم تاوانە بێبەری کراون و حوکمەکانیان بۆ دە ساڵ بەندکران گۆڕانی بە سەردا هاتووە.
موەحێدیڕاد باسی لەوە کردووە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بۆی دیاری نەکراوە کە ئەم کەسانە بە دەستی کێ کوژراون و لە چ چەکێک بۆ کوشتنیان کەڵک گیراوە.
ئەم قسانەی بەرپرسی گشتیی دادگای بەلووچستان لەحاڵێکدایە کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم "محەممەدمەهدی کەرەمی" ناسراو بە کۆمار و "محەممەد حوسێنی"ـی لەکاتێکدا بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک لە سێدارە دا، کە هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراوی لە تاوانباربوونی ئەم دوو لاوە لە بەردەستدا نەبوو و تەنیا لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێی لە وەرگرتبوون.
حوسێنعەلی میر، دادستانی نیزامیی سیستان و بەلووچستان، بەهاری ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە سێ دۆسییە لەپێوەندیی لەگەڵ ئەم تاوانەدا دروست کراوە کە لە دۆسییەی یەکەم و دووهەمدا ٢٦ کەس و لە دۆسییەی سێهەمدا ژمارەیەکی نادیار لە فەرماندە سەربازییەکانی زاهێدان تۆمەتبار کراون.
نێوی ئەم کەسانە هیچکات لەلایەن ڕێژیمەوە بڵاو نەکرایەوە.
گۆڕینی ئەم حوکمە لە ئێستاد لەحاڵێکدایە کە دادگای لێکۆڵینەوە لەم تاوانە پاش ماوەیەکی زۆر تەنیا چەند مەئموور و سەربازی هێزی "ئینتزامی"ـی ڕێژیمی بانگ کرد و هیچکات لێکۆڵینەوەی لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و بەسیج کە فەرمانی ئەم تاوانەیان دابوو، نەکرد.
ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کۆمەڵیک لە خەڵکی زاهێدان پاش بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لەو شارە لە ناڕەزایەتی بە دەستدرێژیکردنی فەرماندەی "ئینتزامی"ـی چابەهار بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە بەردەم پاسگایەکی ئەو شارە کۆبوونەوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەمەبەستی تێکدانی کۆبوونەوەکە تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵکی مەدەنی کرد و لە ئاکامدا زیاتر لە سەد کەس کوژران کە ١٩ کەسیان منداڵ بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار کران.