ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، دۆسییەی دوو ڕۆژنامەوان ئیلاهە محەممەدی و نیلووفەر حامیدی، کە دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ساڵی ١٤٠١ زیندانی کراون، ڕەوانەی کۆمیسیۆنی لێبوردنی ناوەندی کراوە، کە دوای بەدەستهێنانی ئاکامەکان بە ڕاگەیاندن دەکرێت.
بە وتەی وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەری، ئەم دوو ڕۆژنامەوانە لە ئێستادا بە بارمتە ئازاد کراون. بە پێی ڕاپۆرتی "عەسری ئێران"، جەهانگیر ڕایگەیاندووە بە ڕەزامەندیی سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەری، دۆسییەی ئەو دوو کەسە لەلایەن کۆمیسیۆنی لێبوردنی ئێرانەوە تاوتوێ کراوە و دوای ڕەزامەندی، بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی کۆتایی ڕەوانەی کۆمیسیۆنی لێبوردنی ناوەندی دەکرێت.
نیلووفەر حامیدی و ئیلاهە محەممەدی، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەکانی "شەرق" و "هەم میهەن" کە ڕاپۆرتیان لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی بڵاو کردەوە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانێک دژی ئەمنییەتی وڵات و تۆمەتی دیکە، لەوانە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا، دەسبەسەر و زیندانی کران.
دوابەدوای ئەوە سەدان ڕۆژنامەوانی ئێرانی لە نامەیەکی کراوەدا داوای ئازادکردنی ئەم دوو کەسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە ڕۆژنامەگەری تاوان نییە.
ئەو دوو ڕۆژنامەوانە دوای ١٧ مانگ بە بارمتە ئازاد کران و دادگای پێداچوونەوە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا بێبەریی کردن.