کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەکردن و گواستنەوەی ژنە هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانی ورمێ

12:03 - 24 بەفرانبار 2724

گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بۆ تێپەڕاندنی سزای زیندانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مافی مرۆڤیی "کوردپا"، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، "گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزای کەیفەرییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ تێپەڕاندنی سزا سەپێندراوەکەی بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوسترایەوە.

 ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" بە ٤ مانگ زیندان سزا درابوو.

گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بەبێ هەبوونی بەڵگەی یاسایی لە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵدا دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە.

شایانی باسە ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی پووشپەڕ دوای دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.