بەرپرسی ناوەندی جەوانیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، ڕایگەیاند کە ٩٠٪ی لەباربردنی بە ئەنقەستی کۆرپەڵە لە چوارچێوەی بنەماڵەکاندا ڕوو دەدات.
سابر جەباری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، وتی کە ٤١٪ی بنەماڵەکان ڕایانگەیاندووە کە لەباربردنی کۆرپەڵەیان ئەنجام داوە، چونکە منداڵی زیاتریان ناوێت و وتیشی ٢٠٪ی بنەماڵەکان بەهۆی "دووگیانی ناوەخت" ئەو کارەیان کردووە و نزیکەی ٢١٪ی دیکەی لەباربردنی بە ئەنقەستی کۆرپەڵە لە ئێران بە هۆی کێشەی ئابووری و بژێوی ژیانەوە ئەنجام دەدرێن.
لە لایەکی دیکەوە ناوبراو گەلاوێژی ئەمساڵ لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا لە ڕادیۆیەکی ڕێژیمی ئێراندا ڕایگەیاند کە ڕۆژانە لانیکەم هەزار حاڵەتی لەباربردنی کۆرپەڵە لە ئێراندا ڕوو دەدات.
هەروەها لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پزیشکانی منداڵبوون و ئافرەتان ڕایگەیاند کە ساڵانە ٥٠٠ هەزار لەباربردنی کۆرپەڵە لە ئێراندا ئەنجام دەدرێت و وتی: بەشێک لەوانە بە شێوەیەکی نایاسایی ئەنجام دەدرێن، هەر بۆیە ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە و ئەم ئامارەی کە هەیە نزیکەی یەک لەسەر سێی ڕێژەی لەدایک بوون لە ئێراندایە.
بەپێی گەڵاڵەی "جەوانیی حەشیمەت" کە بەپێی ماددەی ٨٥ لەلایەن کۆمیسیۆنی هاوبەشەوە بەبێ پێداچوونەوە لە مەجلیسدا پەسەند کراوە، هەندێک یارمەتیی ماڵی و کاری دەدرێتە ئەو کەسانەی کە منداڵیان دەبێ و هان دەدرێن، بەڵام لە پاڵ ئەم هاندانەدا، کەلوپەلی پێوەندیدار بە پێشگیری لە دووگیانی و پێشگیریکردن لە دووگیانی و لەباربردنی منداڵ لە ئێران سنووردار و قەدەغە کراوە.
شایانی باسە بەپێی ئەم یاسایە بۆ پەسەندکردنی لەباربردنی منداڵ دوای پشکنین، هەیئەتێک پێکدێت کە دوو فەقێ و دادوەر و چەند پزیشکێک لەخۆ دەگرێ و بڕیاری دایک لەم بارەوە گرینگ و یەکلاکەرەوە نابێت.
ئەم یاسایە کە خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ئێران پێداگرن لەسەری و هەوڵ بۆ زیادبوونی ڕێژەی کۆمەڵگا دەدەن لە کاتێکدایە کە بە پشتبەستن بە دانپێدانانی خۆیان، ئارەزوو و ویستی منداڵبوون لە نێو هاوسەرە ئێرانییەکان بە هۆی فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەرپرسانەی وا سوورن لەسەر زۆرترکردنی رێژەی کۆمەڵگا و جەوان کردنی کۆمەڵگا هەوڵێکیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان نەداوە.