بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، پێشنووسی ڕێککەوتن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە لەلایەن قەتەرەوە کە ڕۆڵی نێوبژیوانی دەگێڕێت، ڕادەستی دوو لایەنی شەڕ کراوە.
ڕۆیتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری قەتەرییەوە هێناویەتی کە پێشنووسی کۆتایی ئاگربەستەکە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و بەندکراوە فەلەستینییەکان، ڕادەستی حەماس و ئیسرائیل کراوە.
ئەم هەواڵدەرییە زیادی کردووە کە پاش وتووێژەکانی نێوان ئێستیف ویتکۆف، نێردراوی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل، پێشکەوتن لە وتووێژەکانی ئاگربەست هاتووەتە ئاراوە.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە کە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئاڵە سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی حەماس، لەم پێشکەوتنەدا ڕۆڵی هەبووە.
هاوکات وەزیری دارایی ئیسرائیل لە هەژماری ئیکسی خۆیدا سەبارەت بەم ئاگربەستە کاردانەوەی نەرێنی نیشان دا و جەختی کردووەتەوە، بەدژی ئاگربەستێکە کە ببێتە هۆی لە نێوچوونی دەسکەوتەکانی شەڕ.
بێتسالێل سمۆتریچ بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم پێشنووسە کارەساتێکە بۆ ئەمنییەتی ئیسرائیل، نووسیویەتی: "ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی ئازادکرانی سەدان بکوژی گەورە، بە جۆرێک خۆبەدەستەوەدانە".
بەپێی زانیارییەکان شاندێکی باڵای ناوەندە ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە قەتەر تاکوو وتووێژەکان بگەیەننە ئامانج.
هێشتا نزیک بە سەد بارمتەی ئیسرائیلی کە لە هێرشی ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو بە بارمتە گیرابوون، لە ژێر دەستی حەماسدان.
لەلایەکی دیکەشەوە هەزاران ئەندامی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە بەند کراون کە بەشێکی زۆریان بە تاوانی کوشتن، حوکمی بەندکرانی هەتاهەتاییان لە سەرە.