دەسپێکی خولی نوێی وتووێژەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و سێ وڵاتی ئورووپایی، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە سەر دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و لابردنی گەمارۆکان، لە ژێر سێبەری ئازادکردنی هاووڵاتییانی بەندکراوی ئورووپایی لە ئێران.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە دەسپێکی وتووێژەکانی نێوان ئەم سێ وڵاتە و کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئامانجی وتووێژەکان بەرنامەی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆکانی سەر تارانە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە، دانیشتنەکانی بە وتووێژێکی ڕاوێژکارانە لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە کە مەبەست لەم دانیشتنە، وتووێژێک بۆ ڕێککەوتن نییە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە ئەم وتووێژانەی بە درێژەی هەوڵەکانی سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماتیک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران لە قەڵەم دابوو.
ئەم سێ وڵاتە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جار هۆشداریی کاراکردنی مێکانیزمی "ماشە"یان لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕیککەوتن بە کۆماری ئیسلامی دابوو.
هەر لەم پێوەندییەدا ئێمانوئیل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لابردنی سزاکانی سەر تاران لە پێوەندیی لەگەڵ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییانەی فەرانسەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون.
لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی چیچیلییا سالا، ڕۆژنامەوانی ئیتالیایی و ناهید تەقەوی، هاووڵاتیی ئێرانی ئاڵمانیی ئازاد کرد و وێدەچێت کە لە ڕۆژانی داهاتووشدا دیسان چەند بەندکراوێکی ئورووپایی لەلایەن ئێرانەوە ئازاد بکرێت.
ئازادکردنی ئەم دوو بەندکراوە لە ماوەی ئەم یەک حەفتەدا و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خولی نوێی وتووێژەکان، دەتوانێت دەرخەری گۆڕانی سیاسەتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکان بەتایبەتی یەک حەفتە بەر لە دەسبەکاربوونی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بێت.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە ڕۆژاواییەکان، نزیک بە ٢٠ هاووڵاتیی ئورووپایی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە بارمتە گیراون.