کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل، تەرمی سینوار ڕادەستی حەماس ناکاتەوە

10:19 - 25 بەفرانبار 2724

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بە ڕادەستکردنی تەرمی یەحیا سینوار بە حەماس وەکوو بەشێک لە ڕێککەوتنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن ئەم گرووپە فەلەستینییە دەسبەسەرن، ڕازی نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست، ئەم سەرچاوەیە کە لە دەوڵەتی ئیسرائیل نزیکە، گریمانەکانی هێندێک لە میدیا عەرەبییەکانی ڕەت کردەوە و ڕوونی کردەوە کە ئیسرائیل بەنیازی ئەوە نییە تەرمی سەرکردە کوژراوەکەی حەماس ڕادەستی ئەم گرووپەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بکاتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، میدیاکانی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەس، بڵاویان کردەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، حەماس لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، داوای ڕادەستکردنی تەرمی یەحیا سینواری کردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، تیمی وتووێژی ئیسرائیل و حەماس ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززەیان بە ئامادەبوونی برێت مەکگۆرک، نوێنەری جۆ بایدێن و ئێستیڤ ویتکاف، نوێنەری دۆناڵد ترامپ، پێگەیشتووە.

بایدن، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکیدا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکانی پشتڕاست کردەوە و وتی: ''دواجار هەوڵەکان بە ئاکام گەیشتن.''

یەحیا سینوار، یەکێک لە سەرکردەکانی گرووپی حەماس کە بە داڕێژەری هێرشە تێرۆریستییەکانی سەر ئیسرائیل لە ١٥ ڕەزبەری ١٤٠٢ دادەنرێت، لە ٢٦ ڕەزبەری ١٤٠٣، لە عەمەلیاتی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە کوژرا.

دوای کوشتنی سینوار، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە تەرمەکەی لە شوێنێکی نهێنی لە ئیسرائیل ڕادەگرن.