کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلانی ڕێکخراوی یەکگرتوویی دژ بە ئێرانی ناوکی بۆ لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ڕادەستی دەوڵەتی ترامپ کرا

11:03 - 25 بەفرانبار 2724

بەمەبەستی سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامی، یەکگرتوویی دژ بە ئێرانی ناوکی پلانێکی لەژێر ناوی "پلانی ١٠٠ ڕۆژە بۆ دەوڵەتی ترامپ بەرامبەر ئێران" ڕادەستی تیمی گواستنەوەی ناوبراو کردووە.

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ئەم پلانە نەخشەڕێگایەکی هەمەلایەنە و سەرتاسەریی لە هەموو بەشەکانی دیپلۆماسی، هەواڵگری، سەربازی و ئابوورییە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ناسەقامگیریی ناوچەکە وڵامدەر بکات.

لەم بەرنامەیەدا چەندین ڕێگەچارەی تایبەت بۆ لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی پێشنیار کراوە و باس لەوە کراوە کە ئەمریکا سەرەتا دەبێ کەمپەینی گوشار لە دژی ئێران بۆ سنووردارکردنی بژاردەکانی کۆماری ئیسلامی وەڕێ بخات.

لەو بەرنامەیەدا بۆ پێشخستنی ئەم کارە، پێویستە ئەمریکا لە ئەزموونی ئیسرائیل لە هێرشی حەماس وانە وەربگرێت بۆ ئەوەی بەبێ دەستپێکردنی شەڕێکی بەرفراوان، کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سەربازییەوە بکاتە ئامانج.

مارک دی واڵاس، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری ڕێکخراوی یەکیەتی دژی ئێرانێکی ناوکی، بە فاکس نیووزی ڕاگەیاند، سەرۆکی هەڵبژێردراو ئێستا دەرفەتێکی تایبەتی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ئیستا لاواز بکات.

هەروەها جەیسۆن برۆدسکی، یەکێک لە نووسەرانی ئەم پلانە و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێکخراوە، بە فاکس نیووزی ڕاگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی لە دەوڵەتی داهاتووی ترامپ دەترسێت.

نووسەرانی ئەم پلانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ترامپ پێویستە وتارێکی سیاسیی گەورە پێشکەش بکات و تاران ئاگادار بکاتەوە کە ئەگەر ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری تواناکانی هەنگاو بنێت، لە بەکارهێنانی هێزی نیزامیی بۆ لەنێوبردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران درێغ ناکات.