کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٢٥ لەسەدیی چوونی پەنابەران بۆ بریتانیا لە ڕێگەی کاناڵی مانشەوە/ ئێرانییەکان لە پلەی سێهەمدان

11:59 - 13 بەفرانبار 2724

ئاژانسێکی هەواڵی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار بە پشتبەستن بە زانیاریی وەزارەتی نێوخۆی بریتانیا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا ٣٦ هەزار و ٨١٦ پەنابەری بیانی لە ڕێگەی مەترسیداری کاناڵی مانشەوە چوونەتە نێو ئەو وڵاتەوە.

ژمارەی ئەو پەنابەر و پەناخوازە بیانییانەی کە لە ڕێگەی کاناڵی مانشەوە کە دوو وڵاتی فەرانسە و بریتانیا پێکەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە، هەرچەندە کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە، بەڵام نزیکەی ٩ هەزار کەس لە ژمارەی پێوانەیی ساڵی ٢٠٢٢ کەمترە.

ئاژانسی هەواڵی فەرانسە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا کە دوایین ئاماری وردەکارییەکانی هاتنی پەنابەرە بیانییەکان دەخاتە ڕوو، دەری خستووە کە لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، ئەفغانستانییەکان بە ڕێژەی ١٧٪ لە پلەی یەکەمی پەنابەران بوون، لە دوای ئەویش خەڵکی ڤیێتنام لە پلەی دووهەم، خەڵکی ئێران پلەی سێهەم و سووریە لە پلەی چوارەمدان.

هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە تەواوی ساڵی ڕابردوودا ٧٦ پەنابەر لەسەر ئەم ڕێگایە گیانیان لەدەست داوە و دەسەڵاتدارانی فەرانسە باس لەوە دەکەن کە ژیانی پێنج هەزار و ٨٠٠ پەنابەریان لە کەناڵی مانشەوە ڕزگار کردووە.

لە پێوەندی لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی پەنابەران لە وڵاتی بریتانیا سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە ڕێوشوێنی تایبەت بە ڕێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بە ڕێگەی نایاسایی دەگرنەبەر و هەروەها ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و باندانەی قاچاخی مرۆڤ دەبنەوە کە لە تێرۆریسم زیاتر ئەمنییەتی جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە.

شایانی باسە کە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا ١٥٠ هەزار پەناخوازی بیانی لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە گەیشتوونەتە بریتانیا.