کۆمەڵێک ژنانی زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، ماوەیەک پێش ئێستا پێیان ڕاگەیەندرابوو کە ماوەی بێبەشبوونی ئێوە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانتان کۆتایی پێ هاتووە، دووبارە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار بە هۆکارێکی نادیار پێیان ڕاگەیەندراوە کە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانتان بێبەش کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە مافی مرۆڤییەکان پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو ژنە کوردی زیندانیی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، لەگەڵ ٢٠ ژنی زیندانی دیکە لە زیندانی ئێڤین لە مانگەکانی خەرمانان و ڕەزبەری ١٤٠٣وە، دوابەدوای ناڕەزایەتی نیشاندان بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، لەلایەن کاربەدەستانی ئەو زیندانەوە وەکوو سزادانێک، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەبوونی پەیوەندیی تلفۆنیان لێ زەوت کراوە.
هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە، ڕۆژی ٢ی بەفرانبار، کاربەدەستانی زیندان بە نووسراو ئاگادار کراونەتەوە کە ماوەی دیاریکراوی سزاکە کۆتایی هاتووە و زیندانییەکان دەتوانن کەڵک لە مافی چاوپێکەوین لەگەڵ بنەماڵەکانیان وەربگرن، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی لابردنی ئەو سزایە، بە شێوەیەکی زارەکی بە بەشێک لە زیندانییەکان ڕاگەیەندرا کە سزای پێشوو، لەوانە قەدەغەبوونی چاوپێکەون لەگەڵ بنەماڵەکانتان، هێشتا لە شوێنی خۆیدایە و بەردەوامە.
شایانی باسە کە تا ئێستاش دیار نییە چەند لەو ژنە زیندانییانە ڕێگەیان پێنەدراوە و دەتوانن چاوپێکەوتنیان هەبێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان، و چ کەس یان دەزگایەک بڕیاری درێژەدان بەو سزایەی داوە.
مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵە یەکێکە لە مافی زیندانییەکانە و لە پەیڕەوی جێبەجێکاری ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێراندا هاتووە کە هەموو زیندانییەک مافی هەیە هەموو حەفتەیەک بۆ ماوەی ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک بە شێوەی ڕووبەڕوو بنەماڵەکەی ببینێ، بەڵام لە زیندانەکان و ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم هیچ شتێک وەک بەرنامە و پەیڕەوی دیاریکراوی خۆی ناچێتە پێش.