فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسداران بە پێچەوانەی قسەکانی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، کە لەدەستچوونی سووریەیان بە بابەتێکی بێبایەخ لە قەڵەم دابوو، دانی بەوەدا نا کە کۆماری ئیسلامی لە سووریە تووشی شکستێکی گەورەی بووە.
بێهرووز ئێسباتی، بەرپرسی "قەرارگای فەزای مەجازیی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان"ـی ڕێژیم، کە خۆی ساڵانێکی لە سووریە تێپەڕ کردووە لە پێوەندیی لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و بەرەی ناسراوە بە "مقاومەت"، وتی: "هیچ جێگەی شانازی نییە کە سووریەمان لە دەست چوو، شکستمان خوارد، خەسارمان بەرکەوت و زۆریش لەلامان گرانە".
فایلێکی دەنگیی ئەم فەرماندەی سپای پاسداران کە لە مزگەوتێکی تاراندا بۆ کۆمەڵێک لە هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم و لایەنگرانی قسە دەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە و کاردانەوەی هێندێک لە میدیاکانی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم قسانەی ئێسباتی لەکاتێکدایە کە پێشتر خامنەیی لە چەند وتاردا هەوڵی دابوو شکستی تاران لە سووریە بە بابەتێکی بێبایەخ لە قەڵەم بدات.
بێهرووز ئێسباتی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا و لە بۆچوونێکی کەم وێنەدا، ڕووسیەی بە هاوبەشی ئیسرائیل لە کوشتنی فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە زانی.
ئێسباتی لەم پێوەندییەدا دەڵێت: "لە کاتی کوشتنی سادق ئومیدزادە، جێگری ئەو کاتی ئیتلاعاتی لقی قودس لە سووریە، ڕەزی مووسەوی، فەرماندەی پێشووی لقی قودس لە سووریە و هەروەها محەممەدڕەزا زاهدی کە لە دوای ڕەزی مووسەوی فەرماندەیی هێزەکانی قودسی لە سووریە لە ژێر دەستدا بوو، ڕووسەکان ڕادارەکانیان دەکوژاندەوە تاکوو ئیسرائیل بە ئاسانی بتوانێت فەرماندە ئێرانییەکان بکاتە ئامانج".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە کۆماری ئیسلامی چەند پیلانی سەربازیی بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل ڕادەستی بەشار ئەسەد کردووە بەڵام ئەسەد هیچکات نەیویستووە کە بەرەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە.
هەواڵدەریی نیۆیۆرک تایمز بە ئاماژەدان بەوەی کە بێهرووز ئێسباتی چاوەدێریی بە سەر شەڕی سووریەدا کردووە و بەرپرسی ڕێکخستنی هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ بەرپرسانی بەشار ئەسەد و هەروەها فەرماندەیی ڕووسیە لە سووریە بووە، ڕایگەیاندووە کە ڕۆڵی ناوبراو لە پێوەندیی لەگەڵ فەرماندەیی تۆڕی میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، تەنانەت گرینگتر لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسدارن بووە.
ناوبراو لەم فایلە دەنگییەدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی دیکە وەک هۆکاری جێبەجێنەبوونی "وەعدەی سادقی ٣"، کوشتنی کەیۆمەرس پوورهاشمی، فەرماندەی باڵای سپای پاسداران لە سووریە لەلایەن دوو کەس لە هێزەکانی بەشار ئەسەد، بێمەیلی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ئەرتەشەکەی بە تاران و هەروەها داواکاریی خامنەیی لە برپرسانی عێراق بۆ هەڵنەوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، کردووە.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ حەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە دۆخی ئێستای حکوومەتی تاران لە نێوخۆ و دەرەوە ڕایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا لە لاوازترین کاتی خۆی پاش خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوەیە.