کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی دایکانی مافویستی سنە بە پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

12:20 - 25 بەفرانبار 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ دایکانی مافویستی سنە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و ئامادەبوون لەسەر مەزاری شەهید ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ ئێمە وەک بنەماڵەی داخدار و جەرگسووتاوی كوردستان دەزانین جەرگبڕان چەندە بە ژانە. بەداخەوە گیانی پەخشان عەزیزی لە مەترسیدایە و دەسەڵات لە ئێران دەیهەوێ بە ناحەق ئیعدامی بكات. ئێمە داوامان لە هەموو ئێوەیە، پێش بە قەتڵێكی تر  بگرن و نەهێڵن پەخشان لە سێدارە بدرێ.

بە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ژن، ژیان، ئازادی لە مەترسیدایە و لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆیی و ژیاندۆستەکان داواکارین پێش بە قەتڵێکی دیکە بگیردرێت تاکوو خوێ بە برینی ئێمە بنەماڵە مافخوازەکاندا نەکرێ؛ ئێمە هێشتا داخی منداڵە کوژراوەکانمان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیمان لەسەر دڵ ماوەتەوە.

لە بەشێکی تر لەم بەیاننامەیەدا بنەماڵە مافخوازەکان خوازیاری یەکگرتوویی خەڵک بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ئازادیی بەندکراوانی سیاسین و دەڵێن ئەم سزایانەی سەرکوتی سیستماتیک بە قازانجی حکوومەت نییە و ناتوانن خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکەن.

ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی میرەکی خوێندکاری ساڵی ئاخری یاسا لە زانکۆی پەیام نووری سنە بوو. ناوبراو لە ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٣٨٦ لە بەردەم بینای زانکۆی پەیام نووری سنە لەلایەن هێزەکانی ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کرا و ٩ ڕۆژ دواتر هەر لەم گرتنگەیەدا گیانی لەدەست دا. هێزە ئەمنییەتییەکان مەرگی ناوبراویان بە خۆکوژی ڕاگەیاند، بەڵام بنەماڵەکەی مەرگی ناوبراویان قەتڵ ڕاگەیاند و خوازیاری وڵامدەربوونی ڕێژیمن.