کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای کرماشان سێیەم پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە زۆرترین ڕێژەی بێکاری تێدایە

12:24 - 25 بەفرانبار 2724

ناوەندی ئاماری ئێران دوایین ڕێژەی بێکاری بۆ وەرزی پاییزی بڵاو کردەوە؛ به پێی ئەم ئامارانه، کرماشان لە دوای سیستان و بەلووچستان و خوزستان سێیەم پارێزگایە که زۆرترین ڕێژەی بێکاری تێدایه.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی زانیاریی "مێرساد"؛ ڕێژەی بێکاریی کرماشان لە پاییزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١١.٨١٪ کە بە بەراورد بە پاییزی ساڵی ڕابردوو ٠.٦٪ زیادی کردووە.

دۆخی بێکاری لە کرماشان زۆر خراپە. بە پێی ئامارەکان ڕێژەی بێکاری لە ٢٦ پارێزگای ئەو وڵاتە یەک ڕەقەمی بووە، بەڵام کرماشان یەکێکە لەو پێنج پارێزگایانەیە کە ڕێژەی بێکاری هەر بە دوو ڕەقەمی ماوەتەوە.

لە کاتێکدا کە تێکڕای ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا ٧.٢٪ بەڵام ڕێژەی بێکاری لە کرماشان بە ڕێژەی ٤.٦٪  زیاترە لە تێکڕای گشتی کە ئەمەش جێگای نیگەرانییە.

ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە سەرەڕای ئیدعای کاربەدەستانی ڕێژیم دۆخی بێکاری لە پارێزگای کرماشان، هێشتا قەیراناوییە.

لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣دا وەک هەموو ساڵێک ئامانجی خولقاندنی هەلی کار و دامەزراندن لە پارێزگای کرماشان دیاری کرا و بڕیار درا تا کۆتایی ساڵ، ٢٦ هەزار و ٢٤٧ هەلی کار بڕەخسێت، و بەپێی ئیدعای بەشی گشتیی ئیدارەی، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای مانگی بەفرانبار، نزیکەی ٢٣ هەزار هەلی کار لە سیستەمی چاودێریدا تۆمار کراوە کە ٨٨٪ی ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کاری لەو پارێزگایە پێکاوە.

بۆ کەمکردنەوەی هەر یەک لەسەدی ڕێژەی بێکاری لە کرماشان، پێویستە نزیکەی ٦ هەزار هەلی کار بڕەخسێنرێت؛ بەم شێوەیە کە ئیدعا دەکرێ ٢٣ هەزار هەلی کار لەو پارێزگایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕەخساوە، دەبوو ڕێژەی بێکاری ٣.٥ بۆ ٤ ٪ کەمی کردبایە، بەڵام بەداخەوە ڕێژەی بێکاری لە کرماشان بەبەراورد لەگەڵ پاییزی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

هەرەەها بە پێی ئەو ئامارانە لە کرماشان زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی بێکار هەیە کە یەک لەسەر سێی ئەو کەسانە دەرچووی زانکۆ و خاوەنی بڕوانامەن.

تاکە ڕێگاچارەی ڕاستەقینە بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لە کرماشان باشترکردنی ژینگەی کار و  بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی وەبەرهێنانی نوێ و بێشومارە لەو پارێزگایە کە دەبێ بە هەوڵی هەموو ناوەندە پێوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت. ئامار تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵانە شایەتحاڵی زیادبوونی زیاتری ڕێژەی بێکاریی کرماشان بین و سەرقاڵی ئاماری ناڕاستەقینە بین.