عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار لە کاردانەوەیەکی دیکە بەنیسبەت ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، هەڕەشەی لەنێوچوونی لە ڕێبەرانی ئێستای سووریە کرد.
خامنەیی ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێکدا کە بەبۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سلێمانی بەڕێوە چوو، بە ئاماژەدان بە ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی دیکە هاوشێوەی سووریە، بە وتەی خۆی، لاوانی بە ئیمان وەلا بنێن، چارەنووسی سووریەیان بە سەردا دێت.
ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا بە لەقەڵەمدانی ڕەوتی سیاسیی ئێستای سووریە بە ڕەوتێکی درۆیین، هەڕەشەی لەنێوچوونی لە ڕێبەرانی سووریە کرد و وتی: "ئەمانەی کە ئەمڕۆکە لە سووریە ڕمبازێن دەکەن، ڕۆژێک لەلایەن بەئیمانانەوە ژێر پێ دەکرێن".
ناوبراو ڕێبەرانی ئێستای سووریەی بە دەستدرێژیکردنەسەر خاکی سووریە تۆمەتبار کرد و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەڕشەی دروستکردنی ئاڵۆزیی لە ڕێگەی کەسانی نزیک لە کۆماری ئیسلامییەوە لە حکوومەتی نوێی سووریە کرد.
ئەم قسانەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری نوێی سووریە لە وتووێژ لەگەڵ ئەلعەرەبییەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەوان نەچوونەتە نێو شارەکانی ئێران یان لوبنان بەڵکوو گەڕاونەتەوە نێو شار و گوندەکانی خۆیان لە سووریە.
ئەلشەرع لە قسەکانیدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەر وڵاتێک کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستێوەردانی تێدا دەکرێت تووشی کێشەی ئایینی بەربڵاو دەبێتەوە وتی: "ئەم کێشانە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕی نێوخۆیی وەک ئەو شەڕانەی کە لە عێراق و سووریە ڕووی دا".
ڕێبەری نوێی سووریە هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕایگەیاندبوو کە لەو وڵاتانەدا گەندەڵی لە نێوان دامەزراوە دەوڵەتییەکان دروست دەبێت و بەرهەمی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن، پەرە دەستێنێت".
ئەحمەد ئەلشەرع لەم وتووێژەدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کردبوو کە پێداچوونەوە بە سیاسەتە دەرەکییەکانی و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە بکاتەوە.
لە ئێستادا و بەم قسانەی ڕۆژی ڕابردووی خامنەیی وێدەچێت کە کۆماری ئیسلامی نە تەنیا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا ناکاتەوە بەڵکوو لەهەوڵدایە بە هاندانی بەشێک لە کۆمەڵگای شێعەی سووریە، ئەم وڵاتە بەرەو شەڕێکی دیکەی نێوخۆیی بباتەوە.
ئەلشەڕع پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانیکردن لە میلیشیاکانی خۆی لە سووریە لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا دەستێوەردانی لە سووریە کردووە.