کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی یەکگرتوویی بە دژی ئێرانی ناوکی: دەوڵەتی ترامپ گوشاری هەمەلایەنە بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی

11:14 - 26 بەفرانبار 2724

بەپێی زانیاریی هێندێک لە سەرچاوە ئەمریکاییەکان، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە هەوڵدایە تاکوو لە سەد ڕۆژی یەکەمی دەسبەکاربوونی خۆیدا، سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنە بخاتە سەر کۆماری ئیسلامی.

کاناڵی فاکس نیووز ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار باسی لە گەڵاڵەیەک کردووە کە لەلایەن ڕێکخراوی "یەکگرتوویی بە دژی ئێرانی ناوکی"، ڕادەستی کابینەی دۆناڵد ترامپ کراوە.

ئەم کاناڵە ئەمریکاییە ڕایگەیاندووە کە گەڵاڵەکە بە مەبەستی بەرنامەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ سەد ڕۆژی یەکەمی دەسبەکاربوونی دەوڵەتی ترامپ ئامادە کراوە تاکوو لە هەموو بوارێکەوە بەربەست بخەنە سەر ڕێگای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.

فاکس نیووز زیادی کردووە کە گەڵاڵەکە خوازیاری ئەوەیە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە پێشێلکردنی پێبەندییەکان بەردەوام بوو، دەوڵەتی ئەمریکا هاوشێوەی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوت بکات و خەسار بە داراییە گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت بە بێ ئەوەی کە شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە هەڵبگرسێنێت.

یەکێک لە نووسەرانی ئەم گەڵاڵەیە بە فاکس نیووزی ڕاگەیاندووە، مادام ئیسرائیل دەتوانێت بە بێ هەڵگرسانی شەڕێکی گەورە و بەربڵاو خەساری قورس بە کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت، دەوڵەتی ئەمریکاش دەتوانێت ئەم کارە ئەنجام بدات.

مایک والاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی بە دژی ئێرانی ناوکی" لە پێوەندی لەگەڵ گەڵاڵەکە بەم کاناڵەی ڕاگەیاندووە کە دەوڵەتی ترامپ دەرفەتێکی بێوێنەی بۆ هەڵکەوتووە تاکوو پاشەکشێ بە کۆماری ئیسلامی بکات کە تا ڕادەیەکی زۆر لاواز بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم کاناڵە لە نێوەڕۆکی گەڵاڵەکەدا هاتووە، "ئەگەر ئێران و میلیشیاکانی هەوڵ بدەن خەسار بە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی بگەیەنن، دەوڵەتی ترامپ دەتوانێت فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و کەسانی گرینگی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە نێو خاکی ئێراندا بکاتە ئامانج.

هاوکات ڕۆژنامەی "گاردییەن"ی بریتانیا باسی لە ڕاپۆرتێک کردووە کە داوای لە دەوڵەتی بریتانیا و کیێر ئێستارمێر، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە کردووە تاکوو پشتیوانی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترامپ لەهەمبەر بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێت.

دوو بەرپرسی سیاسیی پێشووی بریتانیا نووسەری ئەم ڕاپۆرتەن.

لەم ڕاپۆرتەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە بریتانیا دەبێت پشتیوانی هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت هاتووە، "کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بریندارە بەڵام مەترسیدارە و هاوبەشەکانی بریتانیای لە ناوچەکە ترساندووە، ڕێگەکانی گواستنەوەی وزە و کەشتییەکانی لە جیهان ناسەقامگیر کردووە، هەوڵی تێرۆرکردنی لە خاکی بریتانیا داوە و لە تاڵانکردنی ئوکراین و خەسارگەیاندن بە ئاشتیی ئورووپا کە ٧٥ ساڵ جێگیر بوو، لەگەڵ ڕووسیە هاوبەش بووە".