ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانبار، دایە ئامینە شەریفی ئەسڵ دایکی شەهید کەماڵ ئەحمەدی ئازەر، خەڵکی ئاوایی داش دووڕگەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد.
دایە ئامێنە ژنێکی خاوەن بیر و باوەڕ و دڵسۆزی حیزب و گەل بوو کە سەرەڕای گوشار و زەختی دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو کات پاڵپشتی پێشمەرگە بووە و بە باوەشی ئاوەڵاوە پێشوازیی لە پێشمەرگە کردووە.
شەهید کەماڵ ئەحمەدی ئازەر ناسراو بە کەماڵ داشدووڕگە کوڕێکی قارەمان و چاونەترس بوو و هەر ئەرکێکی لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە پێی سپێردرابا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕایدەپەڕاند.
ناوبراو لە یەکێک لە مەئمورییەتەکانی حیزبدا لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٧٢ی هەتاوی لەگەڵ تیمێکی تەشکیلاتی کۆمیتە شارستانی نەغەدە لە نزیک گوندی مەمێند سەر بە شارستانی نەغەدە لە کەمینی خۆفرۆشەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەوێ و بە داخەوە لەم تێکهەڵچوونەدا شەهید دەبێ.
دایە ئامێنە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.